گوێزیان تەکاندووە
دوای 10 سەعات پێمان زانی؛ لە بەڵخە گەنجێک کەوتە خوارەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
چی بووە؟
رۆژی هەینی رابردوو 26.9.2025، دوو گەنج دەچنە باخەکانی گوندی بەڵخە لە هەورامان، باخەکە گوێزی تێدایە و وەرزی تەکاندن و لێکردنەوەیەتی، بەڵام لە پڕ یەکێک لە گەنجەکان دەکەوێتە خوارەوە و دوای 10 کاتژمێری بە برینداری دەیگوازنەوە.
کاتژمێر 9:00ی بەیانی و لە دەستپێکی کارکردنی ئەوان رووداوەکە روویداوە، ئەو کەسەی کەوتووەتە خوارەوە ناوی سەردەشت سەعیدە، ئەو گوندەی کاریان لێی کردووە دوورە دەست بووە لە ئاوەدانی و لە سنووری هەورامانی پارێزگای هەڵەبجەیە.
ماکوان سەعید، برای بریندارەکە بە 964ی وت، بەهۆی ئەوەی شەبەکەی نییە ئەو ناوچەیە، هەرچۆن بێت خەڵکی گوند و خانەخوێ بەڵخە لە هەورامان ئاگادار کراون و بە هەرەوزەزی دوای ئاگادارکردنەوەیان چوون بە هانایانەوە و بە برینداری بۆ لای تیمی تەندرووستی و دواتر نەخۆشخانە گواستوویانەتەوە.
کەوتنە خوارەوە
ئەو دوو کەسە، کە لە باخی برایەکیان بووە ئامانجەکەیان ئەوە بوو سەرجەم ئەو گوێزەی پێ گەشتووە لێ بکەنەوە، بەڵام ماکوان سەعید وتی، براکەی لە پڕ لە بەرزی 15 مەترەوە کەوتووەتە خوارەوە و هاوکارەکەی بۆی گێرانەتەوە، تا داویەتی لە زەوی چەندجارێک کەوتووە بەسەر لق و پۆپەکانی دارگوێزەکەیا.
ئەو دەڵێ، بیهێنە پێش چاوت لە بەرزی 15 مەترەوە بەسەر دارگوێزێگ بەتەقلە و بەسەر پەنجا لق و پۆپا بکەویتە خوارەوە، وە نەبوونی شەبەکەی مۆبایل و سەخترین شوێنی هەورامان و گەشتن بە نەخۆشخانە، دوای 10 سەعات ئەبێ چ کارەساتێک بێت.
تەندروستی جێگیرە
سەردەشت سەعید، دوای گەیاندنی بە تیمەکانی تەندروستی چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە، دواتر لە نەخۆشخانە تیشک و سۆنەری بۆ کراوە، بە قسەی براکەی بێت، تەنیا ئازار بە بەشێکی جەستەی گەیشتووە، ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە.
ئەمساڵ، چەندین رووداوی هاوشێوە و کەوتنە خوارەوە روویداوە، ماکوان سەعید وتی، حکومەت و بەرپرسان بێ خەمن لە دابینکردنی سەرەتایترین ئامێرەکانی خۆپارێزی.