لە فێستیڤاڵی هەنگوین لە سلێمانی
هەنگەوانێک بێبەرامبەر هەنگوین بە نەخۆش و کەمدەرامەتان دەدات
رازاو محەمەد – سلێمانی
هەنگەوانێک لە فێستیڤاڵی ساڵانەی هەگوین لە سلێمانی بە بێبەرامبەر هەنگوین بە نەخۆش و کەمدەرات دەدات و دەڵیت، هەموو ساڵێک ئەو کارە دەکات و بەزیادیشەوە دێتەوە جێگەی.
سابیر ئیسماعیل بە فرۆشتنی بەرهەمی هەنگوین بەشداری لە نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنگوین لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی کردووە و ئاگادارییەکی گەورەی لەسەر کەپرەکەی هەڵواسیەوە کە نوسراوە: بۆ کەمدەرات و نەخۆش بێبەرامبەرە.
لەبارەی ئەم کارەیەوە سابیر ئیسماعیل بە 964ـی وت، “ئەمە پیشەی منە و هەموو ساڵێک دەیکەم، ئەوەی بزانم کەمدەرامەتە یان نەخۆشە هەنگوینی بێبەرامبەر دەدەمێ، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە.”
“ئەوەی دەیبەخشم 10 قات دێتەوە جێگەی، ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین زۆرە، بەڵام بازاڕی کزە چونکە ناهێڵدرێت هەنگوینی سلێمانی بۆ هەولێر یان بە پێچەوانەوە بنێردرێت،” سابیر ئیسماعیل وای وت.
ئەمساڵ فێستیڤاڵی هەنگوین لە پارکی ئازادی سلێمانی بە بەشداری دەیان خاوەنکار بەڕێوەدەچێت و ئەمڕۆ یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەیە، بڕیارە تاوەکو چوار رۆژ، واتە تا رۆژی شەممەی داهاتوو، بەردەوام بێت.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا