بواری جیاجیای له‌خۆگرتووه‌

عێراق و میسر 11 رێککەوتن و یاداشتنامه‌یان واژۆ كرد

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسر، چوارەمین دانیشتنی خۆیان لە پایتەختی میسر کۆتایی پێهێنا، له‌ ئه‌نجامدا 11 رێككه‌وت و یاداشتنامه‌ له‌ بواری جۆراوجۆردا واژۆ كران.

دانیشتنه‌كه‌ بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زه‌یدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیرانی میسر بوو.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگه‌یاندراوێكی رۆژنامەوانیدا بڵاویكرده‌وه‌، یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن “ئامانجیان بەهێزکردنی چوارچێوەکانی هاوکاریی دوولایەنە و فراوانکردنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی برایە لە کەرتە جیاوازەکاندا، خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ یەکگرتنی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی هەردوو گەلی برا”.

یاداشتە لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکان بریتین لە:

1- کۆنووسی خولی چوارەمی لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسری.

2- رێککەوتنێک بۆ دوورکەوتنەوە لە دوو جۆره‌ باجدان و رێگرتن لە خۆدزینەوە لە باج لەسەر داهات و سەرمایە.

3- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەبواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی.

4- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بواری پەخشی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی. 5. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بواری پەرەپێدانی ماسی.

6. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەسەر کۆنتڕۆڵی ئەتۆمی و تیشک.

7. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هاوکاری و ئاڵوگۆڕی شارەزایی زانستی و توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکاندا.

8. یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری ستاندارد و کوالێتی.

9. هاوپێچی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بواری لاوان.

10. هاوپێچی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بواری وەرزشدا.

11. بەرنامەی جێبەجێکردن بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و دامەزراوەی پلاندانانی نیشتمانیی میسر.

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عه‌لی زه‌یدی به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێک گه‌یشته‌ میسر و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی میسر كۆبوونه‌وه‌ی كرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی رێككه‌وتن كرا ڤیزای نێوان هه‌ردوو وڵات هه‌ڵگیرا.