"دەمانەوێت جیهان لە سلێمانی کۆبکەینەوە"

بە بەشداریی سەرکردەکانی عێراق و جیهان دووەم رۆژی کۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی بەڕێوەدەچێت

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

دووەم رۆژی کۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە بەشداریی سەرۆککۆماری عێراق، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، وەزیری دەرەوەی یۆنان و دەیان سەرکردە، توێژەر و کەسایەتیی ناوچەکە و جیهان بەڕێوەدەچێت و تێیدا پرسە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و تەکنەلۆژییەکان تاوتوێ دەکرێن.

پێشەوا عەبدولخالق، راوێژکاری جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ 964 وتی، پێشتر بۆ ناساندنی خۆیان و بینینی کەسایەتییەکان دەچوونە دەرەوە و ئەوروپا، بەڵام ئێستا ئەو ئامانجە بەدیهاتووە و دەیانەوێت جیهان لە سلێمانی کۆبکەنەوە، چونکە شارەکە ئەو ئامادەییەی تێدایە ببێتە ناوەندی کۆبوونەوەی پەیوەندیداران بە کێشەکانی ناوچەکە و جیهانەوە.

روونیشیکردەوە، جیاوازیی ئەم کۆڕبەندە لەوەدایە کە نایانەوێت تەنیا قسە بێت، بەڵکو گفتوگۆکان دەگۆڕن بۆ پەیوەندی و دواتریش بۆ پڕۆژەی هاوبەش لەپێناو بووژاندنەوەی ئابووریی شارەکان و ناوچە دوورەدەستەکان و دەستگرتنی گەنجان، وەک ئەو پڕۆژە ناوخۆییەی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی رابردوودا لە دەڤەری راپەڕین جێبەجێ کراوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر