کوڕەکە 24 کاتژمێرى بۆ دانراوە

لە بازگەی بانی مەقان تەقە لە ئۆتۆمبێلێک کرا؛ کوڕ و دایکێک بریندار بوون

964+
ژووى هەواڵ

ئێوارەی دوێنێ هەینی، 26ـی ئەیلوولی 2025، لە بازگەی بانی مەقان لە سنووری چەمچەماڵ، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد و لە ئەنجامدا منداڵێک و دایکی بریندار بوون، سەرچاوەیەكی ئەمنییش دەڵێت، ئەو كەسەی تەقەی لێكراوە، داواكراو بووە.

بە وتەی کەسوکارەکەیان، دۆخی تەندروستی منداڵەکە ناجێگیرە و پزیشکەکان لە نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکوک 24 کاتژمێریان بۆ مانەوەی لەژێر چاودێریدا دیاری کردووە.

جەبار عەزیز، باپیرەی منداڵەکە، وردەکاریی رووداوەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی: “کوڕەکەم کە لە کەرکوک دەژی، دوێنێ هاتبوو بۆ چەمچەماڵ تاکو هاوسەر و منداڵەکەی بگەڕێنێتەوە و منیش لەگەڵیان چووم، لە کاتی گەڕانەوەماندا، لەگەڵ کچێکم و بووکەکەم و کوڕەزاکەم و کوڕەکەم، گەیشتینە بازگەی بانی مەقان.”

وتیشی،”کارمەندێکی بازگەکە داوای ناسنامەی لە کوڕەکەم کرد، ئەویش وتی پێم نییە، پاشان داوای ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەی کرد، کوڕەکەشم وتی ئەوەشم پێ نییە، بەڵام ئەمە وەکالەی ئۆتۆمبێلەکەیە، کارمەندەکە پرسیاری کرد کێی تر ناسنامەی پێیە، کچەزایەکم وتی من پێمە، داوای لێکرا دابەزێت.”

بە گوتەی باپیری منداڵەکە، شۆفێرەکە ویستوویەتی ئۆتۆمبێلەکە کەمێک بەرێتە پێشەوە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەکات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان وا گومانیان بردووە کە هەوڵی هەڵاتن دەدات، بۆیە دەستڕێژی گوللـەیان لێکردوون. “نزیکەی 30 فیشەکیان بە ئۆتۆمبێلەکەوە نا، جامی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکە شکاو گوللـەیەک بەر سەری کوڕەزاکەم کەوت و یەکێکی دیکەش بەر بووکەکەم کەوت.”

دەشڵێت، “کوڕەکەم بەخێرایی لێیخوڕی بۆ ئەوەی بریندارەکان بگەینینە نەخۆشخان،. کچەزاکەم کە لە بازگەکە دابەزیبوو، دوای ئەوەی لێیانداوە، ناسنامەکەیان پێداوەتەوە و ئازادیان کردووە.”

جەبار عەزیز رەخنەی توند لە شێوازی مامەڵەی کارمەندانی بازگەکە گرت و وتی: “هیچ نەبووایە، فیشەکێکیان لە تایەی ئۆتۆمبێلەکە بدایە، نەک بەو شێوەیە رووبەڕووی ژن و منداڵ ببنەوە، ئەوەتا پزیشکەکان 24 کاتژمێریان بۆ کوڕەزاکەم دیاری کردووە، ئێمە داوا دەکەین یاسا سەروەر بێت و ئەم کێشەیە بەلاڕێدا نەبرێت”.

هەر لە بارەی ئەم كێشەیەوە 964 هەوڵی زۆری دا لێدوانی لایەنی ئاسایش وەربگرێت، بەڵام درەنگ دەستیكەوت و ئەمشەو سەرچاوەیەكی ئەمنی لە سلێمانی تەنیا ئەوەی وت، : “ئەو كەسەی تەقەی لێكراوە، داواكراو بووە و هەوڵی داوە هەڵبێت و خۆی دەرباز بكات”.

نوێکرایەوە 10:59ی شەو

كێشەكە گەیشتە كوێ؟

دیار جەبار ئەو هاوڵاتییەیە كە تەقەی لێكراوە و وەك سەرچاوە ئەمنییەكەی سلێمانی دەڵێت “داوا كراوە”، بەڵام ئەو بە 964ی وت، “ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە وتەنیا هەڵەیەکە و روویداوە، سکاڵای خۆمان لە بنکەی پۆلیسی قەرەهەنجیر تۆمار کردووە و سبەینێ دەچمە بەردەم دادوەر”.

وتیشی، “بارودۆخی تەندروستیی منداڵەکە زۆر خراپە و ئەگەر بمێنێت لە ژیاندا ئەوە سبەینێ دەیبەین بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر”.

دوو هاوڵاتی لە بانی مەقان دەستگیر کران 

دوو هاوڵاتی لە بانی مەقان دەستگیر کران