هەولێر

“لە چاوی مندا هەر منداڵەکەی جارانە”؛ باوکێک لە رۆژی دەرچوونی کچەکەی


رێباز یونس – هەولێر

ئەمڕۆ لە هەولێر ئاهەنگی خولی 14ـەیەمی دەرچووانی زانکۆی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەچوو، ئاهەنگێک پڕ لە کەشوهەوای پێکەنین و فرمێسکی خۆشی، بەتایبەت بۆ ئەو باوکانەی بەرهەمی ساڵانێکی درێژی ماندووبوونی منداڵەکانیان بە سەرکەوتوویى بینى.

سرود ئەنوەر، یەکێک بوو لەو باوکانەی لەنێو ئاهەنگەکەدا بە چاوێکی پڕ لە میهرەبانی و شانازییەوە سەیری کچەکەی دەکرد، ئەو بە 964ـى وت: “هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە کچەکەم دوای چوار ساڵ لە کۆڵنەدان زانکۆی تەواو کرد و پیرۆزبایی لێ دەکەم، منداڵ لە بەرچاوی دایک و باوکیدا هەر بچووکە، بەڵام کاتێک دەبینم بڕوانامەی بەدەستهێناوە، هەست دەکەم ئیتر بە تەمەنی خۆی گەیشتووە و گەورە بووە.”
ئەو باوکە یادەوەریی یەکەم رۆژی چوونە قوتابخانەی کچەکەی بەبیرهێنایەوە و وتی،” یەکە رۆژ کە بردم بۆ مەکتەب، بە گریانەوە دەڕۆیشت و حەزی نەدەکرد بچێت، بەڵام هەر لە دەستپێکەوە زیرەک بوو و هەمیشە لە ریزی یەکەمەکاندا مایەوە.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح