هاوڕا بوون
لەبارەى موچە و نەوت؛ مەسرور بارزانى و سودانى بە تەلەفون قسەیان کرد
964+
وریا فەتاح
مەسرور بارزانى و محەمەد شیاع سوودانى بە تەلەفوون قسەیان کرد، موچە و دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت و بەشەبودجەى هەرێم، ناوەڕۆکى پەیوەندییە تەلەفونییەکە بووە.
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بڵاوى کردەوە،”ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمان لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی پێگەیشت، هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانمان بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبرد کە لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە”.
دەشڵێت: سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ سوپاسی کردین بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە گرنگە و ئێمەش دەستخۆشیمان لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە رێککەوتنەکە.
“هیوامان خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە رێخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز”، بارزانى وا دەڵێت.
لەبارەى موچە، مەسرور بارزانى رایگەیاند، داوامانکرد کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن.
وتمان نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن
وەک ئەوەى سەرۆکى حکومەت بڵاوى کردووەتەوە، هەردولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەى لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت.
“لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانماندا، باسمان لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژی رێگەی گەشەپێدان کرد ، کە بۆ ئەم مەبەستە، بەم زووانە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت”، مەسرور بارزانى وا دەڵێت.