"دوای جەنگ بەدەستمان دەگات"

سوپای ئێران: فڕۆکەی جەنگی SU-35ـی رووسیمان کڕیوە

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

محەمەد ئەکرەمینیا، وتەبێژی سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاند، لەدوای جەنگ فڕۆکەی جەنگی SU-35 ـی رووسیان بەدەست دەگات.

محەمەد ئەکرەمینیا لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ میدیای تابناکـی ئێران ئاشکرایکرد، پێش ئەوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دەستپێبکات لە قۆناغی کۆتاییدا بوون بۆ بەدەستگەشتنی فڕۆکە رووسییەکان، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات کە بۆچی پێش جەنگ بەدەستیان نەگەیشتووە.

لەبارەی رێکارەکان بۆ گەیشتنی فڕۆکە رووسییەکان، وتەبێژی سوپای ئێران وتی: کارە سەرەتاییەکانمان تەواوکردووە، لەوانە پرۆسەی بەدەستگەشتن و واژۆکردنی گرێبەستەکان، کاری پێویست سەبارەت بە راهێنان و فێرکردنی فڕۆکەوانەکانیش تەواو بوون و هیچ کێشەیەک نەماوە.

“بەدڵنیاییەوە لەدوای جەنگ فڕۆکەکانمان بەدەست دەگات و هێزی ئاسمانیمان نوێدەکەینەوە،” ئەکرەمینیا وای وت.

محەمەد ئەکرەمینیا باسی ئەوەی نەکردووە ژمارەی فڕۆکەکان چەندن، بەڵام پێشتر میدیای وڵاتەکە ئاشکرایکرد، تاران 48 فڕۆکەی SU-35 ـی لە مۆسکۆ کڕیوە.

فڕۆکەی SU-35 یەکێکە لە فڕۆکە پێشکەوتووەکانی رووسیا و شارەازیان بە هاوشانی فڕۆکەی F-35 ـی ئەمریکی دادەنێنن.

نرخی هەر دانەیەک لە فڕۆکە رووسیەکە 83 ملیۆن دۆلارە و ئەوپەڕی خێراییەکەی دوو هەزار و 400 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.