"لە سلێمانی ئیزن دراوە"

هونەرمەند رێبوار رەحیم لەتاران نەشتەرگەری چاوی بۆ كراوە

+964

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

هونەرمەند رێبوار رەحیم، لە تارانی پایتەختی ئێران، نەشتەرگەری بۆ چاوی چەپی كراوە و چاوەڕوانی ئەنجامی نەشتەرگەریەکەن تا بزانن جارێکی تر دەبینێتەوە یان نا.

نەشتەرگەریەکە ئەمڕۆ ئەنجامدراوە، محەمەد كوڕی هونەرمەند بە 964ی وت، “كاتژمێرێك لەمەوبەر لەوڵاتی ئێران، باوكم نەشتەرگەری چاوی بۆكراوە و تائێستاش بەهۆش خۆی نەهاتووەتەوە و ئەنجامەكەشی دیار نییە، تاوەكو لەزگەكەی چاوی لێدەكرێتەوە و پزیشكەكەی بڕیار لەسەر تەندروستی چاوی دەدات”.

وتیشی، ماوەی سێ هەفتە لەمەوپێش، هەر لە ئێران نەشتەرگەری بۆ چاوی راستی كراوە و سەركەوتوو بووە، ئەمڕۆش نەشتەرگەری چاوی چەپی کراوە و چاوەڕێی رەحمی خوا دەكەین، لەبەرئەوەش لە ئێران نەشتەرگەرییەكەی بۆكراوە لە سلێمانی پزیشكەكان ئیزنیان دابوو كە چاوی چەپی لەدەست داوە و جارێكی دیكە نابینێتەوە، بەڵام لەوێ پزیشكەكان پێیان وتووە چارەسەری دەكەن.

رێبوار رەحیم ساڵی 2024 لە سەر رێگای سەرەكی تاسڵوجە _ سلێمانی تووشی روداوێكی هاتوچۆ دەبێت، لەوكاتەدا بۆ یەكێك لە تاسەكانی شەقامەكە خاوی دەكاتەوە، ئەسپێك لەوبەری شەقامەكەوە دەپەڕێتەوە و خۆی بە ئۆتۆمبێلەكەی دەكێشێت و ئاوێنەكەی بەر چاوی دەكەوێت، لەوكاتەوە رۆژ دوای رۆژ توانای بینینی لەدەست داوە و بەناچاری پەنای بۆ نەشتەرگەری بردووە.

لەیەك كاتدا سێ نەشتەرگەری بۆ یەك چاوی كراوە، ئاوی رەش، پەردەی چاوی و قەتیس بوونی خوێن لەپشتی سپێنەی چاویدایە، بە قسەی کوڕەکەی پزیشکەکان رایانگەیاندووە، كە ئەگەری سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكانی هەیە و چاوی چەپی توانای بینینی بۆ دەگەڕێتەوە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح

"زۆر موسەیتەرم لە ماڵەوە و قاپەکانیش بە ئاوی گەرم دەشۆم "