"ئۆتۆمبێل لێیداوە و دواتر سەربڕدراوە"

لاشەی ئەسپەکە لەسەر شەقامی تانجەرۆ لابراوە؛ پۆلیس بەدوای خاوەنەکەیدا دەگەڕێ

رازاو محەمەد – سلێمانی

لاشەی ئەسپەکە لەسەر شەقامی تانجەرۆ لابراوە و دەنگۆی ئەوەش هەیە، ئەسپەکە سەرەتا ئۆتۆمبێل لێیدابێ و دواتر لەلایەن خاوەنەکەی سەربڕداربێ.

ئەمڕۆ هەینیی 7.8.2026 بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەسپێکی سەربڕدراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لاشەکەی لەسەر شەقامی تانجەڕۆی سەربە پارێزگای سلێمانی فڕێدرابوو، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

دواتر بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند،

مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بەدواداچوونی وردیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری سەرەکیی ئەو رووداوە و ئاشکراکردنی هۆکاری سەربڕینی ئەسپەکە و فڕێدانی لە شوێنی گشتیدا.

لەسەر ئەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە موقەدەم لەتیف عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت، ئەو وتی، “دوای لێکۆڵینەوەکانی ئێمە لە رووداوەکە خاوەنی ئەو ئەسپە چووەتە شوێنەکە و لاشەی ئەسپەکەی هەڵگرتووەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک دەڵێن، ئەو ئەسپە سەرەتا لە سەر شەقامەکە سەیارە لێیداوە و دواتر سەربڕدراوە، لە ئێستاشدا بەدوای خاوەنەکەیدا دەگەڕێن بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری زیاتر دەربارەی رووداوەکە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری