زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی کارا کرا

964+

پەری ساڵح

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی کاراکرا، ئەمساڵ 57 هەزار  و 980 دەرچوویی وێژەیی و زانستی و پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان داواکاری پێشکەش دەکەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی کاراکرا، ئەمساڵ 57 هەزار  و 980 دەرچوویی وێژەیی و زانستی و پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان داواکاری پێشکەش دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، (400) کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بۆ خوێندکارانى دوانزەى ئامادەیی هەرێم دابینکراوە،
پڕۆسه‌ی پێشکەشکردن لە ئەمڕۆوە سێشەممەوە رێکەوتى 23 ی ئەیلولی 2025 کاتژمێر 1ـی دواى نیوەڕۆ دەستپێدەکات، بۆ ماوەى هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئاماژەش دراوە بەوەی، ده‌رچوان لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچوان ده‌بێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).

جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لەپێناو بەرژەوەندی دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی رێکارێکی تازەی گرتووەتەبەر، دەرچوان کاتێک دەیانەوێت فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە پێویستە یەک ژمارە مۆبایل داخڵ بکەن و پاشان کۆدى OTP لە ڕێگەى کورتە نامەوە بەدەست دەگات، زۆر گرنگە دەرچوان ژمارەى تەلەفۆنى خۆیان بەکاربهێنن و بە پێچەوانەوە ئەگەر هەر ژمارە تەلەفۆنێکى دیکە بەکاربهێنێت لە رووى یاساییەوە بەرپرسیار دەبن.

زانیاری زیاتر بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی ئۆنلاین، ئاشنابوون به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن

دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به ‌سیستمه‌ جیاوازه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەرچوان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن، ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نیە لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.

هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕاشیدەگەیەنێت؛ بۆ ئەمساڵ (57980) دەرچوى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) لە یەک کاتدا داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن، بەشێوەیەک (42257) دەرچو لە بەشى زانستى، (13826) دەرچو لە بەشى وێژەیی، (1327) دەرچوى ئامادەییە پیشەیی، (570) دەرچوى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، داواکارى بۆ (680) بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنى (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵى خوێندنى (2025-2026) لە (16) زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکەن.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت؛ خۆشبەختانە ئەمساڵ لە ئەنجامى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى فیدرال، بریاردراوە بە دابینکردنى (٤٠٠) کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەراست و باشورى عێراق بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان، بەپێچەوانەوەش  دابینکردنى (٤٠٠) کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی ناوەراست و باشورى عێراق. بۆ ئەم مەبەستە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان لە چەند رۆى داهاتوو لە ڕێگەى لینکێکى تایبەت لە وێبسایتى زانکۆلاین دەتوانن لە داواکارى بۆ زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەراست و باشورى عێراق پێشکەش بکەن.

لە کۆتایدا وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بەم ناونیشانە: (وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى).

وەزارەتی خوێندنی باڵا رێکاری تازەی لە بەرژەوەندی دەرچ...

وەزارەتی خوێندنی باڵا رێکاری تازەی لە بەرژەوەندی دەرچووانی پۆلی 12 داناوە