پێنجەم فێستیڤاڵی هەنجیر بەڕێوەدەچێت
نەخۆشییەک لە هەنجیری تەقتەقی داوە و جەوی جوتیارانی گرتووە
دەریا ئەحمەد – تەقتەق
لە تەقتەق پێنجەم فێستیڤاڵی هەنجیر بەڕێوەدەچێت، بەڵام نەخۆشییەک جەوی جوتیارانی گرتووە و وەک ساڵانی رابردوو کەیفیان خۆش نییە.
حسێن قادر جوتیارێکی گەنجە و بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە، ئەو بە 964ـی وت، “بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەرهەمی هەنجیرەکەی ئەمساڵمان، قازانجی کەمتر بوو، نەخۆشییەک بەرۆکی هەنجیرەکانی گرتووە، خاڵێکی رەشیان پێوەیە دەڵەی مێکوتە لێیداوە”.
“نۆبەرەکەی خراپ بوو، چەند جارێک چنیمان دواتر باشتر بوو”، حسێن قادر وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خاڵە رەشە تەنیا لەسەر پێستی هەنجیرەکە دەردەکەوێ و بۆ خواردن هیچ کێشەی نییە.
بەقسەی ئەو جوتیارە، تاوەکو ئێستا چارەسەر بۆ ئەو جۆرە نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، کەم بووەتەوە بەڵام بەتەواوەتی بنبڕ نەبووە و کاریگەری بەسەر بەرهەمەکانیانەوە هەر ماوەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری