لۆگۆى وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم
بە لێخۆشبوونەوە
وەرگرتنی پێشینەی کشتوکاڵی و پیشەسازی و خانووبەرە ئاسانتر دەکرێت
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی بۆ پێدانی قەرز و پێشینەکانی کشتوکاڵی، پیشەسازی و خانووبەرە دەرکرد، کە ئامانج لێی ئاسانکارییە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی سوودمەند دەبن لەو پێشینانە.
بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە (1)ـى ساڵی 2025 کە لە رۆژی 21ـی ئەیلوولی 2025 لەلایەن ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری واژۆ کراوە، بڕیار دراوە بە:
کەمکردنەوەی رێژەی سوود: رێژەی سوودی سەر قەرز و پێشینەکانی (کشتوکاڵی، پیشەسازی، خانووبەرە، نیشتەجێبوون و پیشەسازیی گەشتوگوزاری) بۆ (15%)ـی پێشوو کەم دەکرێتەوە.
لێخۆشبوون لە سوودی دواکەوتن: لە سوودی دواکەوتنی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە خۆش دەبن کە بەهۆی دواکەوتنەوە کەڵەکە بوون.
پێدانی دەرفەت بە قەرزاران: ئەم رێنماییە تا کۆتایی ساڵی 2025 کاری پێدەکرێت، بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی دەرفەتی سوودمەندبوونیان هەبێت.
بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.