"سایەق شۆفڵەکە خاوەنی کارگەکە بوو"

پۆلیسی زاخۆ: رووداوی گیانلەدەستدانی سایەق گەڵابەکە بەئەنقەست نەبووە

964+

شۆڕش قادری

پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، رووداوی گیانلەدەستدانی سایەق گەڵابەکە لە کۆمەڵگای پیشخابوور بەئەنقەست نەبووە و بەهەڵە روویداوە.

سایەق گەڵابەیەکدا کەوتە ژێر زیخی شۆفڵێک و گیانی لەدەست...

سایەق گەڵابەیەکدا کەوتە ژێر زیخی شۆفڵێک و گیانی لەدەستدا

دوو رۆژ لەمەوبەر و پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 16.9.2025 لە کارگەیەکی چەو و لم لە سنووری کۆمەڵگای پیشخابوور، سایەق گەڵابەیەک بەناوی (ح،ا،م) تەمەن (55) ساڵ لەناو بۆدی گەڵابەکەی کەوتە ژێر کێلەیەک زیخی شۆفڵێک و گیانی لەدەستدا.

بۆ زانینی چۆنیەتی و هۆکاری رووداوەکە، ئەمڕۆ پەیوەندیمان کرد بە موقەدەم ئەحمەد رەمەزان وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ، ئەو وتی، “بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و لێدانەوەی کامێراکانی چاودێری، دەرکەوتووە کە رووداوەکە بەئەنقەست نەبووە و بەهەڵە روویداوە”.

باسی لەوەشکرد، “ئەو شۆفێرە کەسێکی زۆر ورد و بەسەلیقە بووە و هەموو جارێک پێش تێکردنی زیخ لە گەڵابەکەی، نایلۆنی تێدا راخستووە بۆ ئەوەی لە رێگا زیخەکە نەڕژێ و بەسەرجادەدا بڵاونەبێتەوە، رەنگە ئەمجارەش هەر بۆ ئەو مەبەستە چووبێتە ناو بۆدی گەڵابەکەی”.

موقەدەم ئەحمەد رمەزان وتیشی، ئەو رۆژە خاوەنی کارگەکە خۆی کاری بە شۆفڵەکە کردووە کە چەندین ساڵە لەگەڵ ئەو سایەق گەڵابەیە بەیەکەوە کار دەکەن و هیچ کێشەیەکیش لە نێوانیاندا نەبووە.

لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامە، سایەق شۆفڵەکە هێشتا ئازاد نەکراوە و لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ کەسوکاری سایەق گەڵابەکە دەچنە دادگا و دادوەر کەیسەکە یەکلایی دەکاتەوە، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ئەمەشی وت.

پێکابێک لە زاخۆ کارەساتی نایەوە

پێکابێک لە زاخۆ کارەساتی نایەوە