وردەکاری کۆبوونەوە داخراوەکە

نەتەنیاهۆ هەوڵ دەدات ترەمپ قایل بکات هێرشی گەورە بکەنە سەر ئێران

ژووری هەواڵ

لە کۆبوونەوە داخراوەکەی ئەمڕۆ، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵی داوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا قایل بکات هێرشی گەورە بکەنە سەر ئێران، رۆژانی داهاتوو و کات پێمان دەڵێ، ئاخۆ بە ئامانجەکەی دەگات یان نە.

نەتەنیاهۆ و ترەمپ بۆ یەکەمجار دوای دەستپێکردنی جەنگەکەیان دژی ئێران، لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ پێش کۆبوونەوەکە وتی، “نەتەنیاهۆ دەیەوێت ئەمریکا لە جەنگەکەدا بهێڵێتەوە”، بەڵام پاش دیدارەکە نەتەنیاهۆ وتی، “ئەمە یەکێک بوو لە باشترین گفتوگۆکانم، گفتوگۆکەمان پڕ بوو لە هاوبەشیی تەواو و تێگەیشتن لە ئامانجی هاوبەش کە رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی”.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا باسی لەوە کرد، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، نەتەنیاهۆ لە کۆشکی سپی هەوڵی داوە ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەورەتر رازی بکات.

بەپێی راپۆرتەکە، ترەمپ لەژێر فشاری ناوخۆیدایە، بەهۆی کوژرانی 18 سەربازی ئەمریکی و تێچووی دەیان ملیار دۆلاری جەنگەکە، لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پلانی هێرشی نوێی خستووەتەڕوو.

وتەبێژی کۆشکی سپیش کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی و بەرهەمدار وەسف کرد.