"قوربانی ژینگەی پیسم و بەدوکەڵ نەخۆشی درێژخایەنم گرتووە"
رۆژنامەنووس و چالاکوانێکی بواری ژینگە خەڵاتی ژینگەیی ئۆزۆنی بەدەستهێنا
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
رۆژنامەنووس و چالاکوانێکی بواری ژینگە، کە خۆی قوربانی دەستی ژینگەی پیسە و بەهۆی دوکەڵەوە تووشی نەخۆشی درێژخایەن بووە، خەڵاتی ژینگەیی ئۆزۆنی بەدەستهێنا.
ئەمرۆ سێشەممە 16.9.2025 تۆری ئۆزۆن كە پێكهاتووە لە 26 رێكخراوی ژینگەپارێزی لەهەموو عێراق و دوو ساڵە دامەزراوە، خەڵاتی بەخشیە ئەو كەسانەی پرۆژەی ژینگەیی ناوازەیان ئەنجامداوە و یەکێکیش لەوانە سەجا ئیسمائیل رۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری ژینگە بوو .
سەجا ئیسماعیل بە 964ـی وت، چەند ساڵێکە کاری رۆژنامەوانی و نووسینی راپۆرت لەسەر پیسبوونی ژینگە دەکەم کە خۆم یەکێکم لە قوربانیانی پیسبوونی ژینگە، نەخۆشییەکی درێژخایەنم گرتووە و کاتێک سەردانی پزیشکم کرد، پێیانوتم کە دوکەڵ تێکەڵی خوێنت بووە و تووشی ئەو نەخۆشییە بووی”.
باسی لەوەشکرد، ئەندامی “تۆڕی رۆژنامەوانی ژنان بۆ روماڵکردنی ژینگەیی”ـیە کە لە 18 ژن و کچ پێکهاتووە و ئەو کۆمپانیایەش کە کاری ریساکلین دەکات و ماوەیەک دەبێت چووەتە سنووری دهۆک، لەسەر پێشنیاری ئەو بووە.
نازم ئەحمەد سەرۆكی تۆڕی ئۆزۆن بە 964ـی وت، ئەمڕۆ رۆژی جیهانی پاراستنی چینی ئۆزۆنە و بەو بۆنەیەشەوە چەند خەڵاتێکمان دابەش کرد بەسەر ئەو کەسانەدا کە لە بواری ژینگەدا کاری ناوازەیان کردووە.
ساڵانە تۆری ئۆزۆن پێشبڕكێی ژینگەیی رادەگەیەنێت و بۆ ئەمساڵیش لەنێوان 60 بەشداربوو، چوار کەس خەڵات کران.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری