"کۆگاکان لە ژێر کۆنتڕۆڵدان"
وەزارەتی بازرگانی رەتیدەکاتەوە هیچ ماددەیەکی خۆراکی گواسترابێتەوە دەرەوەی وڵات
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە گواستنەوەی ماددەی خۆراکی لە کۆگاکان بۆ دەرەوەی عێراق دەکەن و دەڵێت، ئەم دەنگۆیانە بێ بنەمان.
وەزارەتی بازرگانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێکدا، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە گواستنەوەی ماددە خۆراکییەکان لە کۆگاکانی بەغداوە بۆ دەرەوەی وڵات، دەڵێت “دوورن لە راستییەوە”، جەختیشی کردەوە کە ئەم هەواڵانە پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نابەستن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆگاکانی ماددە خۆراکییەکان لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکەن و لە ژێر ڕێکاری چاودێری تونددان بۆ دەستەبەرکردنی رێکوپێکی لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان بەبێ هیچ پچڕانێک.
روونیکردەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی قەیرانی خۆراک لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەن هیچ بنەمایەکیان نییە، داواشی لە هاوڵاتیان کرد نەکەونە داوی هەواڵە چەواشەکارەکان و تەنها کەناڵە فەرمییەکان وەک سەرچاوەی جێی متمانە بۆ زانیارییەکان بەکاربهێنن.
وەزارەت دەڵێت بەردەوامن لە دابینکردنی خەزێنەیەکی ستراتیژیی پێویست لە ماددە خۆراکییەکان، بە جۆرێک کە سەقامگیریی دۆخی بەشەخۆراک لە سەرانسەری وڵاتدا دەستەبەر بکات.