هەواڵەکان

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێم هاتەدەنگ و تەماتە و پەتاتەش گران بوون

ژووری هەواڵ

کاردانەوەی هێرش و پەلاماردانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و داوا دەکرێت ئەو تاوانبارانەی ئەم کارانە دەکەن بدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەربگرن.

لە بازاڕدا، خەریکە نرخی تەماتە و پەتاتە بێتامی دەکات، لەماوەیەکی کەمدا نرخەکانیان دووقات بەرزبووەتەوە و چانسیشیان ئەوەندە بەهێزە لەهەموو لایەکەوە خواستی کڕینیان لەسەر، بەڵام بەقسەی ئەنجومەنی عەلوەی سلێمانی ئەو ناز و فیزەی تەماتە درێژە ناکێشێت و نرخەکەی وەکو خۆی لێدێتەوە.

رووخاندن و گواستنەوەی مەیدانەکەیان لە قەزای خورماتوو، کاسبکارانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی گەیاندە بەردەم قایمقامییەت، دوای کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری لەگەڵ ئیدارەی قەزاکە و هێزە ئەمنییەکان، نەگەیشتنە هیچ رێکەوتنێک. کاسبکاران دەڵێن، ئەو شوێنە نوێیەی بۆیان داناون زۆر دوورە و گونجاو نییە، بۆیە پابەندی بڕیارەکە نابن و تەنانەت ئەگەر ناچار بکرێن، دەست لە کار و کاسبییان هەڵدەگرن.

هێشتا کێشەو گرفتی غازی ماڵان بەتەواوی چارەسەر نەبووە، بەڵام لە هەڵەبجە جیاواز لەهەموو سوێنەکانی دیکە بە پلانێکی تایبەت غاز دابەشدەکەن سیستمی دابەشکردنی نەوت بۆ دابەشکردنی غاز بەکار دەهێنن، چونکە بە قسەی قایمقام هیچ هاوڵاتییەک لێی بێبەش نابێت.