شوێنی هاوپەیمانان بوو
سوپای سوریا بنکەی قەسرەک لە رۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵ دەکات
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی بەرگریی سوریا، رایگەیاند کە هێزەکانیان بنکەیەکی سەربازییان لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵات کۆنترۆڵ کردووە، کە پێشتر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێبووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگری كە ئاژانسی فەرمی هەواڵی سوریا (سانا) بڵاویكردەوەتەوە، هێزەکانی سوپای سوریا “بنکەی ئاسمانی قەسرەک لە گوندەواری حەسەکە كۆنتڕۆڵ دەكەن، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی”، لە چوارچێوەی دووبارە رێکخستنەوەی بونی سەربازی لە ناوچەکەدا.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ماوەی هەفتەکانی رابردودا لە ژمارەیەک لە بنکەکانی لە سوریا کشاوەتەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانیدا.
راپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە کە پرۆسەی رادەستکردنەکە دوای کۆبونەوەیەک هاتووە کە لە شاری حەسەکە لە نێوان بەرپرسانی سەربازی ناوخۆیی و فەرماندەکانی هێزە ئەمریکییەکان ئەنجامدراوە، لە چوارچێوەی ڕێکاری ئەمنیی نوێ لە ناوچەکەدا.
لایخۆشییەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جوڵە فراوانترەکاندایە بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هێزە سەربازییە ناوخۆییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پەرەسەندنانە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە ناو پێکهاتە سەربازییە رێکخراوەکان و لکاندنیان بە پێکهاتەی وەزارەتی بەرگرییەوە دێت، بەپێی رێکاری نوێ لە ناوچەکەدا.