+ زانیاری نوێ لەسەر 22 ئۆتۆمبێلەکەی کامێرای هاتوچۆی هەولێر ئاشکرا دەکات
964+
فەرمان سادق
دواجار رێککەوتنی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیای جێبەجێکاری کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و 22 ئۆتۆمبێل بۆ تیمەکانی کامێرای چاودێری دانران.
ئەمڕۆ شەممە 25.2.2023، بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانەی بەرامبەر دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بە بەڕێوەبەرایەتی هاوتوچۆی هەولێر دراون، خرانە خزمەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست تۆڕی964 کەوتووە، ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری تۆیۆتا فۆڕچەرن، بەڵام ئەو زانیارییە پشتڕاست نەکرایەوە کە مۆدێلیان 2023ـیە یان 2022.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلەکان تابلۆی هاتوچۆیان بەسەرەوەیە بەڵام شوفێرەکانیان کارمەندی هاتوچۆ نین و لەلایەن کۆمپانیاکەوە بە گرێبەست دامەزراون.
لە رادیۆی هاتوچۆ رۆژانە شوێنی کامێرا گەڕۆکەکان بە لیستێک رادەگەیەندرێت
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بۆ تۆڕی964 ئەوەی پشتڕاستکردووە کە ئۆتۆمبێلەکان وەرگیراون و لە ئەمڕۆوە دەستبەکار بوونە و تابلۆی هاتوچۆیان بەسەرەوەیە.
وتی “کاری ئەو شوفێرانە گواستنەوەی تیمەکانی هاتوچۆن، ئەوان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە”.
لەبارەی شوێنی جێگیرکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە ئۆتۆمبێلەکان بۆ تەواوی سنووری پارێزگای هەولێرە، شوێنێکی جێگیریان نییە.
زیاتر وتیشی “وەک پێشتر لە رادیۆی هاتوچۆ رۆژانە شوێنی کامێرا گەڕۆکەکان بە لیستێک رادەگەیەندرێت”.