ناونراوە "کەشتی هیوا"

پشکنینی مامۆگرافی دەبرێتە ناوچە دوورە دەستەکان

ئەحمەد مستەفا

نەخۆشخانەی هیوا لە راگەیەندراوێکدا، رێکارێکی هاوبەشی راگەیاند بۆ چوون و گەڕانی تیمی گەڕۆک، بە تایبەت لە ناوچە دوورە دەستەکان، تا پشکنینی مامۆگرافی بۆ خانمان بکەن.

هەڵمەتەکە بۆ ئەوەیە، پێشوەختە پێش لە توشبوونی ژنان بگیرێت بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک.

پڕۆژەکە ناو نراوە، “کەشتی هیوا”،  وەک نەخۆشخانەکە دەڵی، ئامانجی پڕۆژەکە پشکنینی پێشوەختەیە بۆ ئەو ژنانەی کە تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ 69 ساڵدایە و هێشتا هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوتووە.

پشکنینەکە لە رێگەی مامۆگرافیی دیجیتاڵی و پشکنینی کلینیکیی مەمک (CBE)ەوە دەکرێ، ئامانجی سەرەکیی هەنگاوەکە، گەیاندنی ئەم خزمەتگوزارییانەیە بەو ناوچە دوورەدەستانەی کوردستان کە دەستیان بە سەنتەرە تەندروستییەکانی شار راناگات.

بۆ ئەوەی هەر ژنێک بتوانێت لە نزیک ماڵەکەی خۆی پشکنینی بۆ بکرێت و چیتر شێرپەنجەی مەمک جێگەی ترس نەبێت.

لەبارەی رێکارە هاوبەشەکەی نەخۆشخانەی هیوا کە لەگەڵ یەکێتی ژنان جێبەجێی دەکات، تەندروستی سلێمانی دەڵێ، لەپێناو پەرەپێدانی هۆشیاری تەندروستی و دەستنیشانكردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك یاداشتی لێكتێگەیشت واژۆ کراوە.