دوێنێ شەو چی روویدا؟

ئێران و ئەمریکا دووبارە دەستیان لەیەک وەشاند

هەژان هادی

لە دوێنێ شەوەوە، دووبارە ئەمریکا و ئێران دەستیان بە هێرشکردنە سەر یەکدی کردەوە و ژمارەی گیان لەدەستدانیش لە لافاوەکانی نیپاڵ 900 کەسی تێپەڕاند.

لە دوێنێ شەوەوە هەواڵ و رووداوی گرنگ روویانداوە و ئەگەر ئاگاداریان نەبووی، لێرە بە پوختی و کورتی بیزانە:

  • ئەکسیۆس: سوپای ئەمریکا شەوی رابردوو دوو شوێنی هەڵدانی مووشەکی لە دوورگەی لارک لە باشووری ئێران بۆردومان کرد
  • ئاژانسی هەواڵی تەسنیم: لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارک دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی تریش برینداربوون
  • سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی کرد و وتی وەڵامی هێرشەکەی سەر دوورگەی لارک دەدەینەوە
  • سوپای ئوردن: سیستەمی بەرگری هەشت موشەکی ئێرانییان تێکشکاند کە هاتبوونە ناو ئاسمانی وڵاتەکەمان
  • ئاژانسی ئێرنا: سوپای ئێران بنکەی ئاسمانی (منهاد)ـی ئەمریکی لە ئیمارات بەئامانج گرت
  • سوپای پاسداران: لە گەرووی هورمز فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیمان لە جۆری MQ9 بەئامانج گرت و خستمانە خوارەوە.
  • سێنتکۆم: ئۆپەراسیۆنێکی سنووردارمان دژی ئەو هێزە ئێرانییانە ئەنجامدا کە لە گەرووی هورمز مینیان دادەنا
  • ترەمپ بۆ فۆکس نیوز: ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، بە نزیکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نامێنێت و بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل نامێنێت
  • ترەمپ: دوای ئەوەی لە هەوڵەکانی تیرۆرکردن رزگارم بوو، چیتر ژیانم بە ترس بەڕێناکەم
  • ترەمپ: سەرکردایەتی پیشەیەکی مەترسیدارە و تەنیا سەرۆکە بەهێزەکان  تەقەیان لێدەکرێت یان بەئامانج دەگیرێن
  • دەزگای نیشتمانیی کەمکردنەوە و بەڕێوەبردنی مەترسی کارەسات لە نیپاڵ رایگەیاند، ئاماری گیان لەدەستدان لە لافاوەکانی نیپاڵ گەیشتە 903 کەس و تا ئێستاش 4247 کەس بێ سۆراغن

لە ناوخۆش ئەم رووداوانە روویانداوە:

  • دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی باندێکی پێنج کەسی راگەیاند و دەڵێت، باندەکە سەرقاڵی دروستکردنی سکەی مێژوویی و کەلوپەلی شوێنەواربوون، ئامانجیان ساختەکردن و ساغکردنەوەی بووە لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات
  • یاریی نێوان یانەی نەورۆز و دهۆک بەبێ گۆڵ کۆتایی هات