بۆ یەكەمجار نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی شان لە نەخۆشخانەی شار ئەنجامدرا - وێنە؛ تەندروستی سلێمانی
دکتۆرێکی کورد سەرپەرشتی نەشتەرگەرییەکەی کردووە
بۆ یەكەمجار نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی شان لە نەخۆشخانەی شار ئەنجامدرا
شۆڕش قادری
بۆ یەكەمجار نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی شان بەسەركەوتوویی لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ئەنجامدرا.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی چەند وێنەیەکی کاتی نەشتەرگەرییەکەی داناوە و نووسیویەتی، تیمێكی پزیشكی نەخۆشخانەی شاری فریاكەوتنی فێركاری توانیان بەسەركەوتوویی نەشتەرگەری گۆڕینی تەواوی جومگەی شانی راست بۆ نەخۆشێك ئەنجام بدەن كە ماوەیەكی زۆر بوو دەیناڵاند بە دەست ئازاری توندی جومگەی شانی بەهۆی داخورانی جومگەكە و وایكردبوو نەیدەتوانی كاروباری رۆژانەی بە باشی راپەڕێنێت و بە ئارامی پشوو بدات و بخەوێت.
نەشتەرگەرییەکە بەسەرپەرشتی د.عەبدوڵا كەمال پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و جومگە و شكاوی ئەنجام دراوە و دۆخی تەندروستی نەخۆشەكە زۆر باشە و رەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە.
وەک تەندروستی سلێمانی دەڵێت، ئەوە یەكەمجارە نەشتەرگەری ناوازەی گۆڕینی جومگەی شان بەتەواویی لە نەخۆشخانەیەكی حكومی پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت لەلایەن پزیشكانی ناوخۆیی، بەبێ سەرپەرشتیكردنی پزیشكانی بیانی.
نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی شان بەراورد بە گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و جومگەی حەوز، نەشتەرگەریەكی نوێیە لە جیهان و تازە برەوی پێدراوە و ئێستاش پزیشكانی كورد دەتوانن ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدەن و نەخۆش ناچار نییە سەردانی دەرەوەی وڵات بكات بۆ ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە.