"دەبێ کاربەدەستانی تاران دادگایی بکرێن"

ترەمپ: ئێران وڵاتێکی شکستخواردوو و مردووە

شۆرش قادری

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران وڵاتێکی شکستخواردوو و مردووە و معاشی سەربازەکانی پێنادرێت.

لە تازەترین پۆستیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، “ئێران بە فەرمی وڵاتێکی شکستخواردوو و مردووە، ئەوان هێزی دەریایی و ئاسمانییان نییە، دراویشیان نییە، پارەی سەرباز و پۆلیسی خۆیان نادەن، هەڵاوسان لە 300% دایە، سەرکردایەتیشیان بە تەواوی سەری لێ شێواوە و بەشێوەیەکی دروست نوێنەرایەتی وڵاتەکەیان پێناکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تاکە شتێک کە بەرپرسانی ئێران لەئێستادا دەیکەن، بڵاوکردنەوەی هەوڵەی ساختەیە لەسەر ئەمریکا.

“تا ئیستا زیاتر لە 100 هەزار خۆپیشاندەر و خەڵکی بێتاوان لە ئێران کوژراون و دەبێ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دژبە مرۆڤایەتی دادگایی بکرێن”، ترەمپ وادەڵێت.

ئەم قسانەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن سەریهەڵداوەتەوە، شەوی رابردوو ئەمریکا چەند هێرشێکی کردەسەر دورگەکانی باشووری ئێران و لە وەڵامدا ئەم بەیانییە، سوپای پاسداران هێرشی کردەسەر پێگەکانی ئەمریکا لە ئوردن و ئیمارات.