یەکەمجارە

تیپی میللی دهۆک بۆ هەڵپەڕکێ دەچنە قامیشلۆ

هیڤی دێوالی – دهۆک

لە هەفتەی داهاتوو، بۆ یەکەمجار تیپی دهۆک، بۆ هونەری میللی کوردی لە پارێزگای دهۆک، بەشداری حەوتەمین فێستێڤاڵی “گوڤەندی کوردی و گەلەری” لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.

تیپی دهۆک پێکهاتوون، لە نۆ کچ و  12کور، و لە رۆژی 14 ئەم مانگە بەرێدەکەون بۆ شاری قامیشلۆ لەرۆژئاوای کوردستان، وە بە دوو تابلۆی هونەری بەشداری دەکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.9.10، لە پارکی ئازادی لە هؤڵی نالڵبەند، کۆتا ئامادەکاری و راهێنان تیپی دهۆک ئەنجامدران.

موستەفا رێبەر، ئەندامی تیپی دهۆکی هونەری میللی لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، ئەم جۆرە فێستێڤاڵانە زۆر گرنگن بۆ کورد، دوو تابلۆمان بۆ فێستێڤاڵەکە ئامادە کردوو، یەکێکیان بەناوی” شاهی “ و ئەوەی دیکەش بەناوی”پێکەوەژیان” کە هەموو، ئاین و زاراوەکان تێکەڵکراوە و بۆیەکەمجارە لە رۆژئاوای کوردستان بەشدار دەبین.

زۆر تیپی میللی بەشداری لەم فێستیڤاڵەی لەرۆژئاوای کوردستان دەکەن، و کلتوور و جلوبەرگ و جۆری هەڵپەرکێ لەوێ پیشان دەدەن و ئەنجامدەدرێت، رۆژین ئەحمەد، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لەساڵی 2013ەوە لەپارێزگای دهۆک دەژی ئەو بە 964ـی وت،  لەساڵی 2016 وە لە تیپی دهۆک، بۆ هونەری میللی ئەندامم و بەشداری لە زۆر فێستێڤاڵ و ئاهەنگ کردووە.

ئەو وتی، بەهیچ شێوەیەک بیرم لەوە نەدەکردەوە، رۆژێک بەشدار دەبین لە فێستیڤاڵێک لە رۆژئاوای کوردستان و زۆر دڵخۆشم و رۆژی 14 ئەم مانگە دەچینە شاری قامیشلۆ و 18مانگ دەگەرێینەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا