قوتابییەکى پۆلى 12 تووشى رووداوێک بوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکى کەلار
وەزیرى پەروەردە ئامادەى هەموو هاوکارییەکە
قوتابییەک کەوتەخوارەوە و لەتاقیکردنەوە بێبەش بوو
وریا فەتاح
بەیانى ئەمڕۆ دووشەممە، لە هۆڵێکى تاقیکردنەوەى قوتابیانى پۆلى 12 لە شارى کەلار، قوتابییەک کەوتە خوارەوە و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، وەزیرى پەروەردەش ئامادەیى هەموو هاوکارییەکى بۆ دەربڕیوە.
بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى کەلار بڵاوى کردەوە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 8ـى ئەیلول، قوتابییەکى پۆلى 12 لە هۆڵى تاقیکردنەوەکان تووشى کەوتەخوارەوە بووە و بەهۆیەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
رووداوەکە کاتژمێر 7:25 خولەک روویداوە، بەڵام هەرزوو گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتنى شەهید هەژار و چارەسەرى سەرەتایى بۆکراوە.
وەک ئەوەى پەروەردەى کەلار بڵاوى کردووەتەوە، قوتابییەکە نەیتوانیوە بەشدارى تاقیکردنەوەکە بکات، بەڵام ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى هەرێم لە رێگەى نوێنەرەکەیەوە پەیامى ناردووە و ئامادەى هەموو هاوکاریى و پشتیوانییەکى بۆ قوتابییەکە دەربڕیوە.