لە رۆژهەڵاتی کوردستان

تیکەیەکە لە رۆحی..باخە خنجیلانەکەی وەستا شەریف

رازاو محەمەد

مام شەریفی دارتاش پیاوێکی باخدارە، چەند ساڵێکە لە گوندێ شوێی سەر بە شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان باخێکی خنجیلەی هەیەو خۆی ماڵ و منداڵی پێوەی سەرقاڵن، راستە باخەکە هیچ داهاتێکی بۆیان نییە، بەڵام هەم چێژ لە بەخێوکردنی دەبینن و هەم وردە پێداویستی خۆیان دابین دەکات.

مام شەریف کاتێک قسەی بۆ پەیامنێری 964 کرد وتی ”لە دوای خانەنشینبوونمەوە خۆم و خێزانەکەم ئەم تیکە باخەمان هەیە، 1500 مەترەو پێکەوە بەخێوی دەکەین”.

لای مام شەریف بەخێوکردنی باخ وەک گەورەکردنی منداڵ وایە، دەبێ زۆر بە وریاییەوە ئاگات لێی بێت، دەڵێ ”باخ کە خزمەتت كرد بەرهەمت پێدەدات، بەڵام كە گەورەش ببێت دەبێت هەر خزمەتیبكەیت چونكە ئافات لێی دەدات”.