لەدەست حوسییەکان
هێزەکانى یەمەن گەرووى بابولمەندەبیان کۆنترۆڵکرد
وریا فەتاح
لە پێشڕەوییەکی خێرا و لەناکاودا، هێزە چەکدارەکانی حکومەتی یەمەن کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی گەرووی ستراتیژیی (بابولمەندەب) و ئازادکردنی قەزای (زوباب)یان لە دەستی چەکدارانی حووسی راگەیاند.
وتەبێژی هێزە حکومییەکانی یەمەن رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان بە ناوی “بەرەبەیانی یەمەن” دەستپێکردووە بە مەبەستی لێدان لە تواناکانی حووسییەکان. لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا کە بە پاڵپشتییەکی چڕی ئاسمانی لە کەناراوەکانی رۆژئاوا بەڕێوەدەچێت، هەردوو هێزی (عەمالیقە) و (قەڵغانی نیشتمان – درع الوطن) رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە کۆنترۆڵکردنی بابولمەندەب.
سەبارەت بە وردەکاریی پێشڕەوییەکان، وتەبێژی هێزە حکومییەکان ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان پرۆسەیەکی “دەورەدان”یان جێبەجێکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە. هاوکات توانیویانە فڕۆکەخانەی (زوباب) کۆنترۆڵ بکەن و رێگەی سەرەکیی نێوان زوباب و شاری (موخا) بپچڕێنن و بەتەواوی بیخەنە ژێر ئامانجی ئاگری هێزەکانیانەوە.
لەسەر ئاستی زیانەکانی حووسییەکان، سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن ئاماژە بە شکانی هێڵەکانی بەرگریی ئەو گرووپە دەکەن و دەڵێن، دوای ئەوەی لەلایەن هێزە حکومییەکانەوە گەمارۆ دراون، ژمارەیەک لە چەکدارانی حووسی لە رێگەی بەلەمەوە و بە دەریادا هەڵاتوون.
لە ئێستاشدا هێزە حکومییەکانی یەمەن داوا لەو پاشماوەی چەکدارە حووسییانە دەکەن کە لە ناوچەی زوباب گەمارۆدراون، چەکەکانیان دابنێن و خۆیان رادەست بکەن.