هەناردەی نەوتی كوردستان هێشتا وەستاوە

ئۆپێک پلەس بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەكات

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

هاوپەیمانیی ئۆپێک پلەس کە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتە، رایگەیاند، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز دەكەنەوە و لە مانگی داهاتوو زۆرترین بەرهەمی نەوت بە رێژەی 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکەن، عێراقیش مافی زیادكردنی هەناردەی بەردەكەوێت، لە كاتێكیشدایە هێشتا كوردستان ناتوانێت هەناردەی نەوتەكەی دەستپێبكاتەوە.

رێكخراوەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 7.9.2025 بڵاویكردەوە، زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی هەڵگرتنی خۆبەخشانەی زیادكردنی بڕی یەک ملیۆن و 650 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.

هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “کۆبوونەوەی داهاتووی گرووپی هەشت (ئۆپێک+) سەبارەت بە ستانداردەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە پێنجی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

“هەشت وڵاتی ئەندامی ئۆپێک+ بڕیاریانداوە زۆرترین بەرهەمی نەوتیان لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە رێژەی 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادبکەن”، ئۆپێك پلەس وادەڵێت.

هەروەها ئەوەشیان روونكردەوە، “روسیا دەتوانێت لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە چوارچێوەی ئۆپێک+دا بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ 9.491 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات، سعودیە بۆ نزیکەی 10.02 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بەبێ پلانی قەرەبووکردنەوە”.

لە درێژەی قسەکانیدا، “کازاخستان دەتوانێت لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە چوارچێوەی ئۆپێک+ بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ یەک ملیۆن و 560 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات، عێراقیش بۆ 4.240 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بەبێ پلانی قەرەبووکردنەوە”.

رێكخراوەكە دەڵێت، “رەنگە ئۆپێک پلەس بە شێوەیەکی نیمچە، یان بە تەواوی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی یەک ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەڵبگرێت، ئەمەش بەندە بە گۆڕانی بارودۆخی بازاڕەوە”.

ئەم پێشهاتە لە كاتێكدایە ماوەی دوو ساڵ زیاترە هەناردەی نەوتی كوردستان وەستاوە و هێشتا رێككەوتنێكی راگەیاندراو لەمبارەیەوە لە نێوان هەرێم و بەغدا نەكراوە.