سیدەکان
لافاو دوو پردى برد و رێگاى شەش گوند پەکى کەوت
964+
ئاکام غەفور-سۆران
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لافاو سنووری قەزای سیدەکانی گرتەوە و بەهۆیەوە دوو پرد روخان کە رێگای شەش گوندەى لەسەرە، قوتابخانەیەکیش ئاو چوەتە ناوی و دەوامی تێدا راگیراوە و نزیکەی 10 ستونی کارەباش کەوتون.
ئیحساب چەلەبی، قائیمقامی قەزای سیدەکان، بە 964ـی وت،”لافاو زەرەری زۆری مادی هەبووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، زیانی گەورەش بەر کەرتی رێگاوبان کەوتوە”.
وەک باسی دەکات، لافاو دوو پردى رووخاندووە و هەر یەک لە گوندەکانی (نزاریا، قۆڕان، هۆرە، سنینان، پیرەکە)، ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ دروست بووە.
” لە گوندی پیرەکە لافاو چوەتە ناو قوتابخانەیەک بەهۆیەوە دەوامی تێدا راگیراوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی دەستیان بە کارکردن کردوە بۆ ئەوەی لە دوو رۆژی داهاتو قوتابخانەکە پاک بکرێتەوە و دەوامی تێدا ئاسایی بکرێتەوە”، قائیمقامى سیدەکان واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح