تەرزەى لەگەڵ دەبێت

شەپۆلى باران و هەورە تریشقە ئەمڕۆ و سبەینێ بەردەوام دەبێت

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، شەپۆلێکی بارانبارینی بەهاری کە ناوە ناوە چالاک دەبێت، زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

پێشبینییەکانى کەشوهەواى ئەمڕۆ یەکشەممە (19ی نیسان):
کەشناسی دەڵێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە شەپۆلەکە چالاک دەبێتەوە و باران بە شێوەی لێزمە و هەورەتریشقە دەبێت، لە هەندێک شوێنیش ئەگەری تەزرە بارین هەیە.

هەولێر: بارانبارین لە باکووری پارێزگاکە، دەوروبەری کۆیە، ئیدارەی سۆران و مێرگەسوور زیاتر دەبێت.
دهۆک: ناوچەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگاکە وەک (ئاکرێ، دینارتە، بجیل و زاویتە) بارانی باشیان لێ دەبارێت.
سلێمانی: بارانەکە بە شێوەی شەستەبارانی کورتخایەن و هەورەتریشقە دەبێت.
گەرمای ئەمڕۆ: گەرمیان بە 26 پلە بەرزترین و حاجی ئۆمەران بە 17 پلە نزمترین دەبێت.
پێشبینییەکانى کەشوهەواى سبەی دووشەممە (20ی نیسان):
کەشی نەسەقامگیر بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە.

دهۆک: کاریگەری شەپۆلەکە لەم پارێزگایە و ناوچە شاخاوییەکانی زیاتر دەبێت و لێزمە بارانی کورتخایەنی لێ دەبارێت.
هەولێر و سلێمانی: دوای نیوەڕۆ بارانی بەهاری و هەورەتریشقە ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە.
کەرکوک و هەڵەبجە: ئەگەری چەند تاوە بارانێکی کورتخایەن هەیە.
تێبینییە گرنگەکانی کەشناسی:

1.  بارانەکە “بەهارییە”، واتە ئەگەری هەیە لە ناوچەیەک زۆر ببارێت و لە گەڕەکێکی تری هەمان شار زۆر کەمتر بێت.

2.  مەترسی هەورەتریشقە و زیادبوونی کتوپڕی خێرایی با هەیە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی:
هەولێر 24، سلێمانی 25، دهۆک 23، کەرکوک 26، هەڵەبجە 24، سۆران 22 پلەی سیلیزی.