هەواڵەکان

دواجار نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە كرایەوە و هاوڵاتیان دڵخۆشن

ژووری هەواڵ

دواجار دوای چاوەڕوانی دوو ساڵ و نیو و بینە و بەردەی زۆر، ئەمڕۆ نەوتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە هەناردەی دەرەوە كرایەوە و رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە بارەی پرسی هەناردەی نەوتەوە چووە بواری جێبەجێكردن.

دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان، بابەتێكی ئەوەندە سادە نییە هەروا بە ئاسانی تێپەڕێ و خەڵكی كوردستان زۆر دڵخۆشن بەوەی هیوایەكی زۆر هەیە ئەمجارە كێشەی موچە چارەسەر ببێت و شایستە داراییەكانی هەرێم بدرێت، تەنانەت چاوەڕێن ئەمڕۆ و سبەی لیستی موچەی مانگی حەوت رابگەیەندرێ و زوو خۆیان لە بەردەم ئامێرەكانی دابەشكردنی موچە ببینەوە.

هەرچەندە شەش رۆژیش درێژكرایەوە، بەڵام دواجار شەوی رابردوو ناونووسین بۆ بەشداریكردن لە فەریزەی حەجی وەرزی نوێ كۆتایی هات و ئێستا مامەحاجی و دایەحاجی و ئەوانەی بە ئاواتی سەفەری ماڵی خوان، چاوەڕێی مانگی داهاتوو دەكەن، كە تیروپشك دەكرێـت بۆ دیاریكردنی ناوی ئەوانەی سەفەری حەجیان بە نیسیب دەبێت.

هاوین تەواو بوو، خەڵكی چەمچەماڵ و گۆپتەپە و دەوروبەری، وەرزێكی گەرما و بێ ئاویان بەڕێكرد و هەر لە چاوەڕوانی ئەو پڕۆژەیە بوون، كە بڕیارە كۆتایی بە خەمی بێ ئاوییان بهێنێت، بەڵام پڕۆژەكە هێشتا ماویەتی.