بەنداوی (سکرێ مای)
بەڕێوەبەرایەتى ناحیەى دێرەلوک:
ئاگاداربن؛ مەترسى تەقین لەسەر بەنداوى “سکرێ ماى” هەیە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی دێرەلوک هۆشدارییەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتیانی ناوچەکە دەکات، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە ماڵ و پڕۆژەکانیان لەسەر رووباری (سپنە)یە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەخوڕ، مەترسییەکی جددی هەیە کە بەنداوی “مای” (سکرێ مای) کە دەکەوێتە سەر رووباری سپنە لە نێزیک گوندی “کوانێ” بتەقێت یان بشکێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە ماڵ و پڕۆژەکانیان لە نزیك رووباری سپنەیە، لەوپەڕی وشیاریدا بن و رێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداوێکی دڵتەزێن بکرێت و گیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.”
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینى دەکرێت لە سێ رۆژدا لە سنوورى دهۆک نزیکەى 60 ملیم ببارێت.