بە شێوەیەكی كاتی وەستا بوو

“کێشەکان چارەسەر کران و هەناردەی نەوتی كوردستان دەستیپێكردەوە”

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا ئاشكرای كرد، هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێكردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە وەستا بوو.

وەزارەتەكە ئەمڕۆ هەینی لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت: “ئەمڕۆ رێكەوتی 3ی تشرینی یەكەمی 2025 بەهۆی دروستبوونی چەند كێشەیەكی تەكنیكی لە بەندەری جەیهانی توركی، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەرەكە راوەستا، لە كاتی ئێستادا ئەم كێشانە بە تەواویی چارەسەركراون و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دووبارە دەستیپێكردەوە و بەردەوامە”.

رۆژی 27.9.2025 دوای وەستانی زیاتر لە دوو ساڵ، هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە دەستیپێكردەوە، دوای ئەوەی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنیان لەمبارەیەوە كرد.