تەواوی چیرۆكەكە لە 964 بخوێنەرەوە

شەمەندەفەرە سەوزەكەی كیم جۆنگ ئون زۆر جیاواز و تایبەتە

محەمەد فاتیح

شەمەندەفەرەكەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، جیاواز و تایبەتە و لە زۆربەی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی لەجیاتی فڕۆكە بەكاریدەهێنێت و هەر بە بنەماڵەش حەزیان لە شەمەندەفەرە.

سەرۆكی كۆریای باكوور، زۆر بەكەمی فڕۆكە كۆنەكانی وڵاتەكەی بەكاردەهێنێت، بەڵكو پشت بە شەمەندەفەرەكەی دەبەستێت، كە چەندین سەدەیە پیۆنگ یانگ بەكاریدەهێنێت بۆ گەشتەكانی دەرەوەی وڵات.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی تەلەگراف، کاتێک بەرپرسانی رۆژئاوا دەیانەوێت ئاماژەیەك بدۆزنەوە کە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، گەشتی دەرەوەی وڵات دەكات، هەوڵ دەدەن شوێنی شەمەندەفەرە سەوزە تۆخەکەی دەستنیشان بكەن.

دوای ئەوەی کیم لە ساڵی 2011 دەسەڵاتی گرتەدەست، نۆ گەشتی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە و دووجاریش سنووری تێپەڕاندووە بۆ کۆریای باشوور، لە زۆربەی گەشتەکانیدا شەمەندەفەرە تایبەتە گولـلەنەبڕەكەی بەکاردەهێنێت.

چیرۆكی گەشتەکانی سەرکردەکانی کۆریای باکوور بریتین لە سندوقی پڕ لە خواردنەوە و خواردنە دەریاییەكان، کە بە باشی هەڵگیراون بۆ ئەوەی چێشتلێنەرەكان ئامادەی بكەن بۆ ژەمە گرانبەهاکان.

-شەمەندەفەرە گرانبەهاكەی كیم جۆنگ ئون، گولـلەنەبڕە و زۆر بەخاویی رێدەكات.

-بەو شەمەندەفەرە تایبەتەی سنووری بڕیوە و چووە بۆ چین بۆ ئامادەبوون لە یادی كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی.

-رەنگی سەوز و زەردە و بەگشتی گۆلـلەنەبڕە.

-خێراییەكەی 60 كلیۆمەتر لە كاتژمێرێكدا تێپەڕ ناكات.

-دوو شەمەندەفەری ترى لەگەڵدايه و پاسەوانی دەكەن.

-زیاتر لە 20 بەش لەخۆدەگرێت و 100 ئاسایشی لەگەڵدایە بۆ چاودێریكردنی رێگا و بانەكان.

-چەندین ژووری نوستن و هۆڵی گرانبەها و تەلەفۆنی مانگی دەستكرد و تەلەفزیۆنی تێیدایە.

-بەشێك لە شەمەندەفەرەكە چێشتخانەیە و خواردنی روسی و چینی و كۆری و یابانی و فەرەنسی پێشكەش دەكات.

– تیمێكی مۆسیقاژەنیشیان لەگەڵدایە، كە بە ژنە سەركردە جوانەكانی ئۆركسترا ناسراون.

ئەم شەمەندەفەرەی بۆ چەندین كۆبوونەوەی مێژوویی بەكارهێناوە، لەگەڵ پوتین و شی جینپینگ و تەنانەت دۆناڵد ترەمپیش، هەرچەندە جاروبار سەر فڕۆكەش دەكەوێت، بەڵام خولیا سەرسەختەكەی باوكی بە شەمەندەفەرەوە تاكو ئێستاش بونێكی بەهێزی هەیە و بەردەوامە.

خانەوادەی كیم بە خۆشەویستیان بۆ شەمەندەفەر ناسراون، كیم ئیل سۆنگ، سەرۆكی دامەزرێنەری كۆریای باكوور، باپیری كیم، بە بەردەوامی لەكاتی دەسەڵاتەكەییدا تاكو مردنی لە ساڵی 1994 بە شەمەندەفەر گەشتی دەرەوەی كردووە و لەسواری فڕۆكە ترساوە و تەنها بە شەمەندەفەری گولەنەبڕ، گەشتی دەرەوەی وڵاتی كردووە.

ساڵی 2001، كیمی باوك بە سواری شەمەندەفەر لە بیۆنگ یانگی پايتەختەوە گەشتی كرد بۆ مۆسكۆ كە نزیكەی 24 رۆژی خایاندووە و 20 هەزار كیلۆمەتری بڕیوە بە چوون و هاتنەوە.

وەك كۆریای باكوور بە رەسمی بڵاویكردووەتەوە، كیم جۆنگ ئیل ساڵی 2011 لەناو شەمەندەفەرەكەی لەكاتی گەشتكردنێكدا بە جەڵتەی دڵ كۆچی دوایی كردووە.