پێشتر خوشکەکەی و ئێستا کچەکەی چاویان بڕیوەتە کورسییەکەی

کچێک دەبێتە جێنشینی کیم جۆنگ ئون


موحسین عومەر

کیم جو ئی، کە دەکاتە کچی کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور، وەک شوێنگرەوەی باوکی دەناسرێندرێت و سەرنجی میدیاکانی بۆخۆی راکێشاوە

ئەو کچە منداڵە، کە تەمەنی بۆ هیچ میدیایەک ئاشکرا نەکراوە، لە داهاتوودا دەبێتە سەرۆک و لە ئێستاوە تایبەتمەندییەکانی ژیانی مشتومڕی دروستکردووە

وەک لە راپۆرتێکی BBCدا هاتووە: دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەبارەی ژیانی ئەو کچە منداڵە کە دەبێتە سەرۆکی کۆریای باکوور، ئەوان ئاشکرایانکردووە کە تا ئێستا ناوی لە هیچ قوتابخانەیەکدا تۆمار نەکراوە و لە ماڵەوە لە پیۆنگیانگ فێردەبێت.

کیم جو ئی حەزی لە ئەسپسواری و مەلەوانییە و بە پێی قسەی باوکی، ئەو کچە لە ئەسپسواریدا توانایەکی لێهاتووی هەیە.

کیم جو ئای بۆ یەکەمجار لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 لەکاتی بەشداریکردنیدا لە تاقیکردنەوەی مووشەکیی لەگەڵ باوکیدا دەرکەوت، لەو کاتەوە تا ئێستا، لەهەموو بۆنەیەکی سەربازی و ئاساییشدا شان بە شانی باوکی دەردەکەوێت.

لە مانگی کانوونی دووەمدا بەشداریی کرد لە هەڵدانی مووشەکی بالیستیکی، کە پێشکەوتووترین مووشەکی ئەو وڵاتەیە.

هەروەها لە مانگی نۆڤەمبەردا بەشداری لە هەڵدانی مانگی دەستکردی سیخوڕی ماییۆنگ-١ کردووە، کە کۆریای باکوور بانگەشەی ئەوە دەکات ئەم مانگە دەستکردە دەبێتە چاوی کیم جۆنگ ئوون لە کۆشکی سپی.

لە ئێستادا حکومەتی کۆریای باکوور فەرمانی کردووە، هەرکەس ناوی کیم جو ئای هەیە، پێویستە ناوەکەی خۆی بگۆڕێت و ئەو ناوە تایبەتە بە جێنشینی کیم جۆنگ ئون، نابێ کەسی دیکە هەیبێت.

هەندێک لە کۆریای باکوور پێیان وایە بنەماڵەی کیم ڕەچەڵەکی پیرۆزن، هەر بۆیە بە تەنیا ئەوان شایستەی سەرکردایەتیکردنی ئەو وڵاتەن، ئەمەش دەرفەتی کیم جو ئای بۆ بوون بە سەرۆک زیاتر دەکات.

ئەگەرچی کیم جۆنگ ئون تەندروستی جێگیرە و ئەگەری ئەوە دوورە کە کچەکەی بەم نزیکانە شوێنی بگرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا دەیەوێت لە ئێستاوە کچەکەی لەسەر سیاسەتی وڵاتەکەی رابێنێت و بەشداری هەموو کۆبوونەوەکانی پێدەکات.

لە سەرەتای دامەزراندنی کۆریای باکورەوە لە ساڵی ١٩٤٨، وڵاتەکە لەلایەن سەرکردە پیاوەکانی بنەماڵەی کیمەوە سەرکردایەتی دەکرێت و ئەگەر کیم جو ئای دوای باوکی دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوا دەبێتە یەکەم ژن کە سەرکردایەتی وڵاتەکە بکات.

لەولاوە کاندیدێکی دیکەش هەیە بۆ سەرۆکایەتی وڵات، دوای کیم جۆنگ ئوون، ئەویش خوشکەکەیەتی، کیم یۆ جۆنگ، کە بۆ یەکەمجار لە مانگی ئازاری ٢٠١٤ لە میدیاکان دەرکەوت و پۆستی سەرکردایەتی لە پارتی کرێکارانی کۆریادا هەیە.

لەنێوان خوشکەکەی و کچەکەیدا، کێبڕکێ دروستکراوە و کەس نازانێت کامیان دەبێتە جێگرەوەی کیم جۆنگ ئوونی سەرۆکی کۆریای باکوور.