سلێمانی
قوتابییە بریندارەکەی کونەماسی بە گوڵ سوپاسی پەروەردەی رۆژئاوا دەکات
ژێوار خدر
مینا سامان ئەو قوتابییەی لە رووداوی وەرگەڕانی پاسەكەی كونەماسی بریندار ببوو، ئیستا تەندروستی باشە و سەردانی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی كردووە، ئەم سەردانە وەک دەربڕینی سوپاس و پێزانینێک بوو بۆ هەوڵەکانی مامۆستا بەناز رەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا لە دابینکردنی چارەسەر و گرنگیدان بە دۆخی تەندروستیی مینا، کە بەهۆی رووداوەکەوە چەندین نەشتەرگەری قورسی بۆ ئەنجامدرابوو.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژئاوا ئەمڕۆ سێشەممە 2.9.2025، کۆمەڵێک وێنەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا، لە دیوانی پەروەردە پێشوازی لە مینا سامان کردووە و میناش وەک سوپاسێک چەپكە گوڵی پێشكەش بە مامۆستا بەناز رەمەزان كردووە، لەپای هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی.
لە 3.4.2025 پاسێكی قوتابیان لەكاتی گەڕانەوە لە گەشتی زانستی لە كونەماسی وەرگەڕا، ژمارەیەك قوتابی و مامۆستای تێدا برینداربوو، مینا سامان یەکێک بوو لەو قوتابییانەی کە دۆخی تەندروستیی ناجێگیر بوو و پێویستی بە گرنگیی تایبەت هەبوو.