میدیاى ئێرانى

“لاهور جەنگی سەر بە ئەمەریکا و ئیسرائیلە”

وریا فەتاح

ئاژانسى هەواڵى تەسنیمى ئێرانى رایدەگەیەنێت؛ لاهور شێخ جەنگى نزیکە لە ئەمریکا و “رژێمى زایۆنى” لە زۆرێک لە چالاکییەکانی دژ بە بەرگری عێراق ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبووە، دەشڵێت: سێ کەسى ئۆکرانى کە راهێنەرى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بوون لە سلێمانى دەستگیرکراون و هاوکارى لاهور جەنگى بوون.

ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، جموجۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئاسیا، بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە و مەشقپێکردنی “تیرۆریستان” بە بەکارهێنانی درۆن، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەو وڵاتە بووەتە باڵێکی نوێی ئۆپەراسیۆنی ناتۆ لە ناوچەکەدا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە، پۆلیسی سلێمانی سێ هاوڵاتی ئۆکرانی دەستگیر کردووە، کە سەرپەرشتی مەشقپێکردنی گرووپێکی ناوخۆییان دەکرد لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی درۆنی بچووک (مایکرۆ-درۆن).

تەسنیم لە زارى پۆلیسى سلێمانییەوە دەڵێت،”ئامانج لە مەشقپێکردنی ئەم گرووپە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی “تیرۆر” بووە بە پاڵپشتی دارایی و سەرپەرشتی هێزەکانی لاهور شێخ جەنگی”.

ئاژانسە ئێرانییەکە دەشڵێت: لاهور جەنگى یەکێکە لە کەسایەتییە ئەمنییەکانی سلێمانی و نزیکە لە ئەمریکا و رژێمی زایۆنی و لە زۆرێک لە هەوڵەکان دژی بەرخودانی عێراق رۆڵی راستەوخۆی هەبووە.

بۆ بینینی دەقی راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە بە زمانی فارسییە، کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لەعێراق بە توندی رەتى دەکاتەوە کە گوایە لایەنى ئۆکرانی دەستی هەبووبێت لە ئامادەکردن یان مەشقپێکردنی ئەو کەسانەی کە کاری نایاسایی لەسەر خاکی عێراق یان هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دەدەن، دەشڵێت: راپۆرتەکان هەندێک لە دەزگاکانى راگەیاند لەو بارەیەوە ناڕاستن.

ئەو دەنگ و باسانە لەدواى 22ـى ئابەوە دروستبوون، کاتێک لە بەرەبەیانى ئەو رۆژەدا، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر لالەزار و لە ئەنجامدا لاهور جەنگى و ژمارەیەک کەسى لە ئەندامانى بەرەى گەل دەستگیرکران و بیانوەکەش ئەوەبوو کە ویستوویەتى کودەتا بکات، دواتر لە دانپێدانانى تۆمەتباراندا ناوى ئۆکرانیا هات و تۆمەتباران رایانگەیاند کە لەئۆکرانیا مەشقیان پێکراوە.