فەرمانى تەقەیان پێبوو
پیاوی دەبابەکە کێبوو؟
964+
وریا فەتاح
ریزێک تانک کە فەرمانی تەقەکردنیان پێبوو، یەک بە دوای یەک بەرەو گۆڕەپانێکی قەرەباڵغ دەڕۆیشتن بۆ ئەوەی خۆپیشاندانی خوێندکاران سەرکوت بکەن، بەڵام پیاوێکی پانتۆڵ رەشی کراس سپی بەرەو روویان رۆیشت رێی لێگرتن، ئەمە بەناوبانگترین چیرۆکی تۆمارکراوی رووبەڕووبوونەوەی تانکە لەلایەن کەسێکی سیڤیلەوە لە مێژوودا.
پیاوی دەبابەکە یان (تانک مان) ئەو پیاوەیە کە رۆژی 5ی حوزەیرانی 1989 لە رووی سێ تانکی سوپای چین وەستایەوە کە بەڕێوەبوون بۆ گۆڕەپانی (تیانانمن)ی پەکین، تانکی یەکەم چەندجارێک ئەملاو ئەولای کرد بۆ ئەوەی خۆی لێ لابدات، بەڵام پیاوە عەلاگە بەدەستەکە کۆڵی نەداو هەر رێی لێگرت، دواتر چووە سەر تانکی یەکەم و هەندێ قسەی کرد، وا مەزاندە دەکرێت لەگەڵ شۆفێری تانکەکە قسەی کردبێت، بەڵام تا ئەمڕۆش نازاندرێت ئەو گفتوگۆیە چیبوو.
هەر ئەوەندەی لە تانکەکە هاتە خوارەوە، دوو کەس کە جلی سیڤیلیان لەبەردا بوو هاتن بردیان، ئیتر نە کەس زانی پیاوە نەناسراوەکە چی بەسەرهات و نە کەس زانی چیرۆکەکە بە کوێ گەیشت، هەرچەندە گێڕانەوەی جۆراو جۆر هەیە لە بارەیەوە، بەڵام هیچیان پشتڕاستکراوە نین.
ئەو رۆژە سوپای چین لەو گۆڕەپانەدا بە هەزاران خوێندکارو لایەنگری دیموکراسی کوشت، بەڵام چیرۆکی پیاوی تانکەکە بۆ هەتا هەتایە مایەوەو بووە سیمبولی بەناوبانگترین رووبەڕووبوونەوەی تاکەکەسی لە بەرامبەر تانکدا.