"ئەمریکا بەڵێنەکانی شکاندووە"

بەشدارى ناکات؛ تاران بایکۆتی دانوستانەکانی پاکستانی کرد

964+

وریا فەتاح

ئێران بە فەرمی بڕیاریدا سبەی چوارشەممە بەشداری دانوستانەکانی “ئیسلام ئاباد” نەکات، ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران هۆکارەکانی ئەم کشانەوەیە بۆ “پاشگەزبوونەوەی ئەمریکا لە بەڵێنەکانی” دەگەڕێنێتەوە.

بەپێى هەواڵى ئاژانسەکە،  تاران دەڵێت لەسەر بنەمای چوارچێوەیەکی 10 خاڵی رەزامەندی لەسەر ئاگربەست و دانوستان داوە، بەڵام ئەمریکا دەستبەجێ بەڵێنەکانی شکاندووە.

تاران ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی لە سەرەتادا ئاگربەستی بەسەر ئیسرائیلدا نەسەپاندووە لە لوبنان، ئەمەش بووەتە بەربەست لەبەردەم دانوستانەکان.

ئەوەشخراوەتەڕوو، دوای ئەوەی عێراقچی رایگەیاند گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا دەکەنەوە، ئەمریکا لە گەمارۆدانی دەریایی ئێران بەردەوام بووە، ئەمەش وەک “کارێکی دوژمنکارانە” لێکدراوەتەوە.

ئێران پێیوایە واشنتن لە خولی یەکەمی دانوستانەکاندا داواکاریی “زیادەڕۆیانە”ی هەبووە کە پێشێلکردنی چوارچێوە سەرەتاییەکان بووە.

کۆتا پەیامى تاران ئەوەیە کە بە فەرمی بە لایەنی پاکستانی راگەیاندووە کە بەردەوامبوون لە دانوستانەکان لەم دۆخەدا تەنیا “بەفیڕۆدانی کاتە” و نایەوێت ببێتە بەشێک لە “شۆ و نمایشەکان”ی ئەمریکا.