بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە - وێنە: 964
تەندروستی هەڵەبجە بۆ 964
“كۆمپانیایەک هەر بە ئارەزوو نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی تەواو ناكات”
محەمەد فاتیح
هەرچەندە سەرۆك كۆماری عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەرقاڵی دروستكردنی نەخۆشخانەی منداڵانن بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە پێی وایە بواری تەندروستی لە هەڵەبجە گرنگی پێنەدراوە و بە پلە دووش هەژمار نەكراوە.
دكتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتيی تەندروستی هەڵەبجە، بە وردی باسی لە بواری كەرتی تەندروستی پارێزگاكە بۆ 964 كرد و ئاشكرای كرد،سەرۆك كۆماری عێراق، راوێژكارەكانی راسپاردووە كە نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكەن، بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی منداڵان بۆ پارێزگای هەڵەبجە و سەرقاڵی ئەو پڕۆژەیەن.
باسی لەوەشكرد، هەڵەبجە لە بواری كەرتی تەندروستی، پێویستی بە بوژاندنەوە هەیە و تائێستا وەك پێویست، ئاوڕ لە دەزگا تەندروستییەكانی نەدراوەتەوە و پێویستمان بە بودجەیەكی تایبەتە.
وتیشی “ئێمە زۆر دواكەوتوین و كەموكوڕیمان زۆرە و ئامێرەكانمان وەك پێویست نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشد،ا پڕۆژەی زۆرمان لە پلاندایە و تەنیا پێویستمان بە وەرگرتنی پزیشكە، بە تایبەتی پزیشكی بواری بەنج”.
دەشڵێت، حكومەت زۆر هەڵە دەكات، پارێزگای هەڵەبجە وەك پارێزگاكانی تر هەژمار بكات، چونكە ئێمە شارێكی وێرانكراوبووین و دەبێت میكانزمێكی بەدەر لە پارێزگاكانی تر لەگەڵ ئێمە جیبەجێبكات، بەڵام بەداخەوە جیاوازكاری لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە دەكرێت و تەنانەت وەك پارێزگاكانی تریش خزمەت ناكرێت و ئاوڕی لێ نادرێتەوە و بە پلە دووش هەژمار نەكراوە.
بەپێی قسەكانی دكتۆر ئازاد مستەفا، بەركەوتوانێكی زۆری چەكی كیمیاوییان هەیە و پێویستیان بە چاودێرییە، “بەڵام كۆمپانیایەكی حزبی بەبێ هیچ هۆكارێك و هەر بە ئارەزوو، نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی لە ھەڵەبجە تەواو ناكات”.