لەکاتی راکردن کەوتنە داوی پۆلیسەوە

دوو ژنی ئێرانی بە دوو دەفتەر دۆلارەوە گیران

شۆڕش قادری

دوو ژنی بەنەتەوە ئێرانی زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلاریان لە هەولێر دزی و لە کاتی راکردن، کەوتنە داوی پۆلیسەوە و دەستگیر کران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنی ئەو ژنانەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرايەتی ئاسایشی بازگەکان دوو تۆمەتباری ئافرەت بە رەگەز ئێرانی دەستگیرکران، کە دەيانويست رابکەن بۆ دەرەوەی هەولێر بۆ وڵاتی ئێران”.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو ژنە تۆمەتبارن بە دزینی قاسەیەک کە بڕی زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری تێدابووە، دوای دەستگیر کردنیان توانراوە، تەواوی پارەکە دەستی بەسەردابگيرێت.

لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبارەکە راگیراون و لە چوارچێوەی رێکارە یاسایيەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.