لە کەرکوک باوکی سێ منداڵ کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا
لە گەڕەکی شۆراوی کەرکوک
باوکی سێ منداڵ کارەبا گرتی و گیانی لەدەست دا
کاروان ساڵحی – کەرکوک
کارپێکەری یەکێک لە مۆلیدەکانی گەڕەکی شۆراوی کەرکوک بەناوی شاهۆ بورهان کە باوکی سێ منداڵە، کارەبا گرتی و گیانی لەدەست دا.
ئەحمەد عەدنان هاوڕێی شاهۆیە و قسەی بۆ 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “بەداخەوە درەنگانی شەوی رابردوو و لە کاتی گۆڕینی کارەبای مۆلیدە بۆ نیشتمانی، شاهۆ کارەبا گرتی و دەستبەجێ گیانی سپارد”.
وتیشی، شاهۆ تەمەنی 33 ساڵ و باوکی سێ منداڵ بوو، چەند ساڵێک بوو کاری کارپێکردنی مۆلیدەی دەکرد.
شەوی رابردوو تەرمی ئەو گەنجە براوەتە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکوک، دوای پشکنین تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کرا و بەیانی ئەمڕۆش تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کرایەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری