"بەقسەی خۆیان ویستوویانە هەڵیپاچن لە عەرزیان داوە"

لەسەر بڕینەوەی دارتووەکەی ناوبازاڕی هەڵەبجە دوو کەس دەستگیر کران

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

دارتووەکەی ناوبازاڕی هەڵەبجەیان بڕیوە و پۆلیس دەڵێت، دوو کەسیان لەسەر ئەو مەوزوعە دەستگیر کردووە.

لە ناوجەرگەی بازاڕی ھەڵەبجە و لە بەردەم مزگەوتی پاشا دار توویەک بڕاوەتەوە، بەشێوەیەک کە تەنیا قەدی دارەکە ماوەتەوە و ھەموو لق و پۆپەکانی بڕدراون، پۆلیسی دارستانیش دوو کەسی لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکردووە و رووبەڕووی دادگایان دەکاتەوە.

ھەڤاڵ ئێناخی وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەڵەبجە بە 964ـی وت، “دوو تۆمەتبار لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکراون و بە وتەی خۆیان محاویلەیەکی کارەبا لەسەر بانی مزگەوتی پاشا بووە کە ئەم دارتووە کێشەی بۆ محاویلەکە درووستکردووە، دایرەی کارەبا پێی وتوون پێویستە دارتووەکە ھەڵپاچرێت، بەڵام تۆمەتبارەکان چاوەڕێی شارەوانیان نەکردووە بۆ ئەوەی کارمەندیان بۆ بنێرێت، خۆیان بەو شێوەیە بڕیویانەتەوە”.

“دوێنێ حاکم ئەو دوو تۆمەتبارەی بینیوە و لە ئێستادا ھەردووکیان بە فەرمانی دادوەر راگیراون”، هەڤاڵ ئیناخی وای وت.

هاوکات سەرھەنگ عەبدولڕەحمان بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئەمە دەستدرێژیە بۆ سەر ژینگە و ھەڵپاچینی دار بەو شێوەیە نابێت، پێویستە بکەرانی رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری