نزیکەی یەک مانگە دەربەندییەکان عاجزن

+964

هونەر فارس – گەرمیان

ئەمڕۆ 22 رۆژ بەسەر داواکاری مانگرتووانی دەربەندیخان لەناو بازاڕی قەزاکە دژی کەمی خزمەتگوزاری تێدەپەڕێت، کەچی تا ئێستا نە داواکارییەکانیان جێبەجێکراوە نە کۆڵیشی لێدەدەن.

داواکاری مانگرتووانی دەربەندیخان خۆی لە تەواوکردنی پڕۆژەی پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە و زیادکردنی کارەبای نیشتمانی و دووسایدکردنی رێگەکانی دەربەندیخان – سلێمانی، دەربەندیخان- کەلار و چەند گرفتێکی دیکەی قەزاکە دەبینێتەوە.

“پشوومان درێژە و تا جێبەجێکردنی لەسەر شەقام دەمێنینەوە”

زەردەشت دەربەندی یەکێکە لە مانگرتووان، ئەو بە تۆڕی 964ی وت، تائێستا داواکارییەکانیان جێبەجێنەکراوە، “بەڵام پشوومان درێژە و تا جێبەجێکردنی لەسەر شەقام دەمێنینەوە”.

سەرباری ئەوەی کە لەلایەن نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە بڕیاردرا بە فرۆشتنی پارچەیەک زەوی نایاب لە شاری سلێمانی و بەکارخستنەوەی پڕۆژەی پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوە و نۆژەنکردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری قەزای دەربەندیخان، بەڵام مانگرتووان سورن لەسەر ئەوەی تا دەست بە کارکردن نەکرێت لەو پڕۆژانەدا مەیدانەکە چۆڵناکەن.

هاوکار قادری چالاکوانیش دەڵێت “داواکارییەکانمان جێبەجێنەکرێت بە حەجمێکی دیکەوە دێینەوە مەیدان.”

بە قسەی خۆیان، سەرباری هەبوونی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و دوو بەنداو لە قەزاکەدا، کەچی نە کارەبایان بەکەڵک دێت نە ئاوەکەیان دەخورێتەوە.