گەرمیان 

چارەسەری کێشەی کەمئاوی گوندی سەیدخەلیل دەروێش دەکرێت

ژێوار خدر

بە هەوڵی چەند لایەنێک، کێشەی کەمئاوی گوندی سەیدخەلیل دەروێش لە سنووری گەرمیان چارەسەر دەکرێت و بیرێکی قوڵ بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی گوندەکە لێدەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان رایگەیاند، پێشتر پڕۆژەی کانی و تانکی ئاوی بەرز و تۆڕی ئاو بۆ گوندەکە ئەنجام دراوە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە تووشی گرفتی کەمئاوی بوونەتەوە.

دەشڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بیرێکی قوڵی لێداوە و پەمپ و پێداویستییەکانیشی بۆ دابین کردووە.

روونیشیکردووەتەوە، کە چەند لایەنێکی دیکەش بەشدارییان لە پڕۆژەکەدا کردووە، محەمەد شێخ وەهاب بڕی 1100م بۆری پۆلیئەسینی بۆ پڕۆژەکە دابینکردووە و سەرۆکایەتی شارەوانی کەلاریش هەستاوە بە هەڵکەندنی چاڵ بۆ راکێشانی هێڵی ئاوەکە و دروستکردنی ژوور بۆ بیرەکە.

باسی لەوەشکردووە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان بڕی 19 ملیۆن دیناری بۆ گەیاندنی کارەبای نیشتمانی بۆ بیرەکە تەرخانکردووە.