داویان بۆ باڵندە نایەوە و خۆیان كەوتنە داوەكەوە
لە سلێمانی پێنج كەس بەهۆی دەستدرێژیكردنە سەر ژینگە دەستگیركران
محەمەد فاتیح
دوو راوچی لە ماوەت خەریكی راوكردنی باڵندە بوون، كەچی خۆیان كەوتنە داوەكەوە و دەستگیركران و لە بازیان و سەید سادقیش، سێ هاوڵاتی بە تۆمەتی بیرهەڵكەندن دەستگیر كران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، بڵاویكردەوە، دوای وەرگرتنی زانیاری، مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ماوەت دەرچوونێكیان بۆ سنووری گوندی (گەڵاڵە) ئەنجامدا و سەرئەنجام توانیان، دوو راوچی بەتۆمەتی راوکردنی باڵندەی کێوی دەستگیر بکەن.
دەشڵێن، دەستگیراوه بەسەر یەک باڵندەی زیندوو لەگەڵ سێ داو، دوو قەفەزی ئاسن و لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەيان بۆ رێکخراوە، بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە.
چالاكییەكانی تریشیان بەمجۆرەن:
-لە سنووری شارۆچکەی (بەردەقارەمان) له بازيان، دەست بەسەر ئامێرێکی بیرهەڵکەندندا گیرا لە جۆری بەرینە.
– یەک هاوڵاتی بەتۆمەتی بەکارهێنانی ئەو ئامێرە دەستگیرکرا.
-له گوندی (گردەنازێ) لە سەیدسادق، دوو هاوڵاتی بە تۆمەتی بیرهەڵکەندن دەستگیران.
– دەستگیرا بەسەر ئامێرێکی بیرهەڵکەندن لە جۆری بەرینە و دوو بۆری و یەك دەمی ئامێرەکە.
– پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران رێکخراوە، بەمەبەستی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی لەلایەن بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە.