شەوی رابردوو چی روویدا؟
ململانێی ئەمریکا و ئێران و تازەترین قسەی ترەمپ لەسەر گەرووی هورمز
پەری ساڵح
ئەگەر بەهۆی پشوو و چوونەدەرەوە ئاگاتان لە خەبەر و هەواڵەکانی شەوی رابردوو نەبووە، کورت و پوخت بزانە چی روویداوە؛
📌بەهۆی بارانبارین و هەورەبروسکەوە شەوی رابردوو لە بەشێکی زۆری گەڕەک و بازاڕەکان و شەقامەکانی هەولێر ئاو کۆبوویەوە، هاوکات کارەبای چەند گەڕەکێکی کۆیە بڕا و لە کەرکویش لافاو چووە ناو هەندێک لە ماڵەکانی گەڕەکی شۆریجەوە.
📌شەوی رابردوو بەهۆی بارانبارینەوە شاخی رێگای هامڵتۆن داڕماوە و ئاستەنگی هاتوچۆ لە نێوان سۆران و چۆمان دروست بووە، پەیامنێری 964 رایگەیاند؛ ئەم بەیانیە رێگاکە خاوێن کراوەتەوە.
📌درەنگانی شەو میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە؛ دەنگی فڕینی فڕۆکە و دوو تەقینەوە لە نزیک ناوچەی سووزا لە دوورگەی قشم و بەندەر خەمیر لە باشووری ئێران بیستراوە؛ ئەگەرچی راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە کەوتنی دوو موشەک دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە زیانەکان بەردەست نییە و میدیا ئێرانییەکان ئەگەری ئەوەشیان خستۆتە ڕوو کە دەنگەکان پەیوەندییان بە تەقاندنی فیشەکی هۆشیارکەرەوەوە هەبێت بەرەو گەرووی هورمز.
📌ترەمپ: گەورەترین گەمارۆمان لە مێژووی سەربازیدا سەپاندووە و بەبێ رەزامەندیی ئێمە هیچ شتێک بە گەرووی هورمزدا تێناپەڕێت
📌ترەمپ: گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران پێشکەوتنی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، چاوەڕێ دەکەین ببینن ئاراستەی مامەڵەکردن و رەوتی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت.
📌ترەمپ: ئێرانییەکان ئامێرێکی بچووکی دژە فڕۆکەیان دروستکردبوو، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە بە تەواوی ئامێرەکە بدۆزنەوە و تێکی بشکێنن.
📌ترەمپ: شانازی بە دەستکەوتە سەربازییەکانی ئیدارەکەمەوە دەکەم و ئەوان توانیویانە سەرکەوتن لە دوو جەنگدا بەدەستبهێنن، بێگومان جەنگ و ئۆپەراسیۆنی ڤەنزوێلامان بە کاتژمێرێک کەمتر و بە سەربەرزانە یەکلاکردۆتەوە.
📌ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە وەزیری جەنگی ئەمریکا بەشێکی سەرەکی و کاریگەر بووە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڤەنزوێلا، و دووپاتیشی کردەوە کە هێشتا متمانەیەکی تەواوی بە تواناکانی هەیە.
📌ترەمپ نیازی هەیە دوای ئەو شکستەی بەر کۆمارییەکان کەوت لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، دەستکاری پێکهاتەی تیمی راوێژکارانی بکات و هەندێک لە ئەندامانی ئیدارەکەی بگۆڕێت؛ لە لایەکی ترەوە رایگەیاند کە “ستیڤن میڵەر” دەستبەکاردەبێت وەک سەرۆکی نوێی ستافی کۆشکی سپی.
📌ئێن بی سی نیوز لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە، دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دژی ئێران پێویستی بە بڕیاری پێشوەختەی ترەمپ هەیە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، راوێژکارانی ترەمپ ئاگاداریان کردۆتەوە کە دەرفەتی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی فراوان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بۆیە هانیان داوە پێش ئەوەی کۆنگرێسی نوێ لە مانگی کانوونی دووەمدا دەستبەکار بێت، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پرسانە بدات.
📌وۆڵ ستریت جۆرناڵ: دابەشبوونێکی روون لە نێوان راوێژکارانی ترەمپدا هەیە و گوشارێکی زۆر هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران؛ رۆبیۆ و بیسێنت داوای توندکردنەوەی سزاکان و بەردەوامیی گەمارۆی ئابووری دەکەن، “ڤانس” و “ویتکۆف”یش هەوڵی پاراستنی پشتیوانیی ترەمپ دەدەن بۆ بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
📌وۆڵ ستریت جۆرناڵ: وەزیری جەنگی ئەمریکا و فەرماندەی فەرماندەیی سێنتکۆم پشتیوانی لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکان دژی ئێران دەکەن.
📌وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریدا سزای نوێی ئابووری بەسەر چەند لایەن و بوارێکی پەیوەندیدار بە ئێراندا بسەپێنێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ توندکردنەوەی گەمارۆکان و بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران.
📌ئاکسیۆس: سوپای ئەمریکا ئامادەیە لە ماوەیەکی کورتدا لێدانی نوێی سەربازی جێبەجێ بکات ئەگەر ترەمپ فەرمانی پێبکات.
📌ئاکسیۆس: ڤانس دوو هەفتە لەمەوبەر نامەیەکی بۆ “موحسین رەزایی” ناردووە و پێشنیاری دەستپێکردنەوەی دانوستانی راستەوخۆی کردووە، هەروەها پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر و فەرماندەی سوپای پاکستان هەبووە.
ئامانجی سەرەکی لەم هەوڵانەی ڤانس، دەستپێکردنەوەی ئاگرپێبەستن و دانوستانە ئەتۆمییەکان بووە.
📌سعودیە رایگەیاند کە هێزەکانیان موشەکێکی کروز و درۆنێکی حوس*ییەکا*نیان لە ئاسمانی ناوچەی ریاز تێکشکاندووە و خستوویانەتە خوارەوە؛ هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە توندی سەرکۆنەی هێرشە چەکدارییەکەی باشووری میسری کرد کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو ئەفسەری پاسەوانی سنوور.
📌ئۆکرانیا لە هێرشێکی بەرفراواندا چەند ناوچەیەکی رووسیا و پاڵاوگەی نەوتی ساراتۆڤـی کردە ئامانج؛ لە بەرامبەردا، بەرپرسانی رووسی رایانگەیاند کە لە کاتی بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشە موشەکییە فراوانەدا، زیان بەر هەندێک لە دامەزراوە ئابوورییەکانیان کەوتووە.
📌 ئەم هێرشانەی ئۆکرانیا دوای ئەوە هات کە پۆتین و زێلینسکی هۆشدارییان لە ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە دابوو؛ هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، رووسیا بە شەپۆلێک موشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر کیێڤ و دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابووری نزیک شارەکەی بە ئامانج گرت.