بازرگانی پێوەدەكەن
“راوچییەکان نایەڵن ژمارەی ئاسكەكان لە گەرمیان زیاد بكات”
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەو ئاسکانەی لە گەرمیان ھەن جۆرێکی دەگمەنن و دەشتەکانی سنوورەکەش بە ئاسک بەناوبانگن، ژینگەدۆستێک دەڵێت، راوچییەکان ناھێڵن ژمارەیان زیاد بکات و بێچوەئاسکەکان راودەکەن.
نیعمەت مەلۆ، فۆتۆگرافهرى كورد و ئهندامى كۆمهڵهی (کێودۆستان) كه چوار فۆتۆگرافهر و ژینگهدۆستن كار لهسهر پاراستن و بهدیكیۆمێنتكردنى ئاژهڵ و باڵندهكانى گهرمیان دهكهن، بە 964 وت، ئێستا وەرزی زاوزێی ئاسکەکانە، بێچوەئاسکەکان تا ماوەی سێ ھەفتە ناتوانن بڕۆن، راوچیەکانیش دەرفەت دەقۆزنەوە و دەچن راویان دەکەن و بە ئاسانی دەیانگرن، چونکە توانای راکردنیان نییە.
وتیشی “ئەو جۆرە راوکردنە مەترسیدارترین جۆری راوە، چونکە ژمارەی ئاسکەکان زیاد ناکەن و ھەر بە بێچوویی دەیانگرن، ئەو جۆرە ئاسکەی لە گەرمیانیش ھەیە دەگمەنن لە جیھاندا و ژمارەیان بەرەو کەمبونەوە دەچێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەرمیان نیشتمانی رەسەنی ئەم ئاسکانەیە ئەو کەسانەی راوی بێچوە ئاسکەکان دەکەن بازرگانی پێوەدەکەن و دەیانفرۆشن بە ناوچەکانی خواروی عێراق، بەشێکیشیان لە باخ و مەزرەعەکانیان بەخێویان دەکەن، ئەمەش بۆ ژینگەی ئاسک گونجاو نییە و تەمەنی کەم دەبێتەوە.
پێداچوونەوە؛ ئەرسەلان عەبدوڵا