ئه‌لبومی نوێشی بڵاوكرده‌وه‌

ئه‌لیسا كه‌پڵی نوێی پەیدا کردووە

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئەلیسا، گۆرانیبێژی لوبنانی ئاشکرای دەکات، پەیوەندی لەگەڵ پیاوێکدا هەیە کە دوو سێ ساڵ لە خۆی گەورەترە، ئاماژەی بەوەش کردووە، پیاوەكه‌ لوبنانی نییە.

لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرنامەی عەمر ئەدیب، ئەلیسا ئاماژەی بەوەدا کە خۆشەویستەکەی کەسێکی نزیکە لە کەسایەتی میدیای میسری و دەڵێت “ئەو لە تۆوە نزیکە عەمر”.

ئەلیسا دڵخۆشی خۆی بە بڵاوکردنەوەی ئەلبوومە نوێیەکەی دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە به‌رهه‌می جیاوازی له‌خۆگرتووه‌ و بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كان گونجاوه‌، وتیشی، “هەر کەسێک گۆرانییەکی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، هەست دەکەم بۆ هەموو کەسێکە، ئامانجی من گەیاندنی پەیامێکی دیاریکراوە، دەمەوێت خەڵک چێژ لە هەموو وردەکارییەکانی ئەم ئەلبوومە وەربگرن، دەمەوێت گۆرانییەکانم کلاسیک بن”.

ئه‌لیسا كه‌ له‌ دایكبووی 1971ـه‌، ئاماژەی بەوەش کرد، بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکە ئاسان نەبووە، پێش ئەوەی لەسەر ئەم ئەلبوومە جێگیر بێت گوێی لە سەدان گۆرانی گرتووە، پێشی وایه‌ راستەوخۆ لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا بینەری زۆری بەدەستهێناوە.

ئه‌لیسا كه‌ كریستیانی لوبنانه‌، پێشتر چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی سۆزداری هه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌موو كات په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ نهێنیی هێشتوونه‌ته‌وه‌ و پێی وایه‌ بابه‌تی كه‌سی نابێت تێكه‌ڵی ژیانی گشتی و هونه‌ری بكرێت، دانی به‌وه‌شداناوه‌، له‌ ئه‌زموونه‌كانی پێشوو شكستیهێناوه‌ و ناپاكی لێكراوه‌.

ئه‌لیسا بیروڕای جیاوازی له‌ باره‌ی هاوسه‌رگیریی كلاسیكی هه‌یه‌ و پێشی وایه‌ ده‌كرێت دوو كه‌س ته‌بابن و پێكه‌وه‌ له‌ ماڵێك بژین به‌بێ ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیریی بكه‌ن.

ئه‌لیسا تا ئێستا 14 ئه‌لبومی گۆرانی هه‌یه‌ و نزیكه‌ی 30 ڤیدیۆ كلیپیشی هه‌یه‌، براوه‌ی ده‌یان خه‌ڵاتی پێشبڕكێ و فێستیڤاڵه‌كانی موزیک و گۆرانییه‌ و له‌ تۆپه‌كانی گۆرانی و موزیكی عه‌ره‌بییه‌.